ئامەدسپۆر دەیەوێت بچێتەوە پێشەنگی ریزبەند

 
رووداو دیجیتاڵ

یانەی ئامەدسپۆر یارییەکی گرنگی هەیە و دەیەوێت جارێکی دیکە بچێتەوە پلەی یەکەمی ریزبەندی خولی پلە یەکی تورکیا، راهێنەری یانەکەش ئامادەیی تیپەکەی راگەیاند.
 
ئەمشەو کاژێر 20:00 لەنێو یاریگە و هاندەرانی، لە رکابەرییەکانی گەڕی 31ـی خولی پلە یەکی تورکیا، یانەی ئامەدسپۆر میوانداریی یانەی مانیسا دەکات و پێویستییەکی زۆری بەبردنەوەی یارییەکە هەیە بۆ ئەوەی رکابەری لەسەر گەڕانەوە بۆ پلەی یەکەمی ریزبەندی خولەکە بکات، بەتایبەت دوای ئەوەی لە گەڕی رابردوودا تیپەکە سەرکەوتنی بەدەستهێنا، ئەرزووم سپۆری یەکەم دۆڕا و ئێرۆک سپۆری دووەمیش یەکسانبوو.
 
بەر لە یارییەکە مەسعود بەقاڵ، راهێنەری یانەی ئامەدسپۆر دەڵێت "لەنێو تیپەکە و یاریزانەکاندا پاڵنەرێکی سەرسوڕهێنەر دروستبووە، پێشتر دوای دوو یەکسانبوون و بردنەوەی رکابەرەکانمان، جیاوازییەکەمان زۆربوو، ئەمەش ورەی تیپەکەی دابەزاند، بەڵام ئێستا بە کەمبوونەوەی جیاوازییەکە بۆ تەنیا دوو خاڵ، دۆخی دەروونیی هەمووان بەرزبووەتەوە و جۆشوخرۆشی تیپەکە زیاد بووە."
 
راهێنەری ئامەدسپۆر گوتی "پێویستە یارییەکەی بەرامبەر مانیسا ببەیەوە، ئەگەر یاریی رابردوومان لە ئیستەنبوڵ سپۆرمان نەبردبایەوە، نەماندەتوانی ئێستا باسی ئەمە بکەین، هەمیشە بە یاریزانەکانم دەڵێم، تووشی شڵەژان مەبن، ئارام بن، لە یارییەکەی بەرامبەر ئیستەنبوڵ سپۆر تاوەکو کۆتایی بەو شێوەیە بووین، دوای بردنەوەی ئەو یارییە و لەدەستدانی خاڵ لەلایەن رکابەرەکانمانەوە جارێکی دیکە خولەکە سەرنجی زۆری کەوتەوە سەر."
 
مەسعود داوا لە هاندەرانی ئامەدسپۆر دەکات بەدرێژایی 90 خولەک پاڵپشتیی یانەکە بکەن، رەنگە هەڵە بکرێت و هەلی گۆڵکردن لەدەست بدەن، بەڵام پێویستە هەموومان بەیەکەوە ببەینەوە، بۆیە لەم قۆناخەدا پاڵپشتیی هاندەران زۆر گرنگە و پێویستیمان بەوەیە."
 
ئامەدسپۆر بەر لە یارییەکەی ئەمڕۆ لە پلەی سێیەمی ریزبەندی خولەکە خاوەنی 61 خاڵە، دوو خاڵ لە ئێرۆک سپۆری یەکەم و ئەرزووم سپۆری دووەمەوە دوورە، بەبردنەوەی یارییەکە و لەدەستدانی خاڵ لەلایەن رکابەرەکانییەوە دەکرێت ئامەدسپۆر جارێکی دیکە بچێتەوە پێشەنگی ریزبەندی خولی پلە یەکی تورکیا.