بارسێلۆنا دەیەوێت پارێزگاری لە جیاوازییەکەی لەگەڵ ریال مەدرید بکات
رووداو دیجیتاڵ
یانەی بارسێلۆنا دەیەوێت پارێزگاری لە پێشەنگی ریزبەندی خولی ئیسپانیا بکات، کاتێک لە یاریگەی خۆیدا بەرامبەر سێڤییا یاریی دەکات.
لە رکابەرییەکانی گەڕی 28ـی لالیگا، ئەمڕۆ ئێوارە کاژێر 18:15 بارسێلۆنای پێشەنگی ریزبەندی خولەکە لەنێو یاریگە و هاندەرانی بەرامبەر سێڤییا یاریی دەکات و پێویستی بەبردنەوەیە بۆ ئەوەی پارێزگاری لە جیاوازییەکەی لەگەڵ یانەی ریال مەرید بکات، بەتایبەت دوای ئەوەی لۆس بلانکۆس بە چوار گۆڵ بەرامبەر لە ئێڵچی بردەوە و جیاوازییەکەی بۆ خاڵێک کەمکردەوە.
یارییەکەی ئەمڕۆ بۆ بارسا گرنگە و هاوکاتە لەگەڵ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتیی یانەی بارسێلۆنا، جگە لەوەش چاوەڕواندەکرێت ئەمڕۆ زیاتر لە 62 هەزار هاندەر لە یاریگەی کامپ نو ئامادەبن، دوای ئەوەی یانەکە رەزامەندیی ئەنجوومەنی شارەکەی وەرگرت.
بارسێلۆنا بۆ ئەم یارییە بەهۆی پێکانەوە لە تواناکانی ژول کۆندێ، ئەلیخاندرۆ بالدێ و فرێنکی دی یۆنگ بێبەش دەبێت و ناتوانن یاریی بکەن.
سێڤییا لە دۆخێکی زۆرباشدا نییە، لە دوایین دوو یارییدا یەکسانبووە و ئێستا لە پلەی چواردەیەمی ریزبەندی لالیگایە، بەڵام یانەکە لە یاریی چوونی ئەم وەرزەی لالیگادا بە چوار گۆڵ بەرامبەر گۆڵێک لە بارسێلۆنای بردووەتەوە و دەیەوێت بە هەمان شێوەی یاریی چوون رووبەڕووی بلاوگرانا ببێتەوە.
دوایینجار بارسێلۆنا لە یاریگەی خۆی بەرامبەر سێڤییا دۆڕابێت، لە ساڵی 2010 بوو کاتێک لە جامی شای ئیسپانیا بە گۆڵێک بەرامبەر دوو گۆڵ دۆڕا.
جگە لەوەی بارسێلۆنا پێویستی بەبردنەوەیە بۆ ئەوەی شوێنی خۆی لە پلەی یەکەمی ریزبەندی لالیگا بەهێزتر بکات، دەیەوێت بەبردنەوەوە خۆی بۆ یاریی گەڕانەوەی قۆناخی شازدەی چامپیۆنزلیگ بەرامبەر نیوکاسڵ ئامادەبکات.