ڤیدیۆ؛ هاندەرانی بایرلیڤەرکوزن سەرشێتانە ئاهەنگیان گێڕا

رووداو دیجیتاڵ

 

هاندەرانی یانەی بایرلیڤەرکوزن لەبەردەم یاریگەی بای ئارێنا لە شاری لیڤەرکوزنی ئەڵمانی سەرشێتانە ئاهەنگیان گێڕا، کاتێک یانەکەیان بۆ یەکەمجار لە مێژووی خۆیدا توانی نازناوی خولی تۆپی پێی ئەڵمانیای بەدەستبهێنێت.
 
پێنج گەڕ بەر لە تەواوبوونی بوندێسلیگا، یانەی بایرلیڤەرکوزن پێویستی بە 3 خاڵ هەبوو بۆ ئەوەی بەفەرمی ببێتە پاڵەوانی خولەکە و ئەو یانەیە بە سەرکردایەتی چابی ئەلۆنسۆی راهێنەری ئەڵمانی، توانی دوای سەرکەوتنێکی ئاسان لە یاریگەی خۆیدا بەسەر ڤێردێربرێمەندا بەدەستبهێنێت و بە پێنج گۆڵ بەرامبەر بە هیچ لێیبردەوە.
 
بەم سەرکەوتنە بایەرلیڤەرکوزن لە بیست و نۆ یارییدا 79 خاڵی بەدەستهێنا و و بە 16 خاڵ لە پێش بایرن میونشنی پلەی دووەمەوەیە، ئەمەش بەو مانایەیە کە لیڤەرکوزن پێشوەختە نازناوەکەی بەدەستهێناوە.
 
یانەکەی ئەلۆنسۆ لە یۆرۆپالیگیشدا نزیکە لە گەیشتن بە قۆناخی پێشکۆتایی یۆرۆپالیگ، دوای ئەوەی لە یاریی چوونی قۆناخی چارەکی کۆتایی پاڵەوانێتییەکەدا بە دوو گۆڵی بێبەرامبەر لە وێستهام یونایتدی ئینگلیزی بردەوە.
 
بایرلیڤەرکوزن کە تەمەنی 120 ساڵە، پێشتر هەرگیز نازناوی خولی ئەڵمانیای نەبردووە و ئەلۆنسۆ دوای 120 ساڵ بۆ یەکەمجار و بەبێ دۆڕان ئەو یانەیەی کردە پاڵەوانی ئەڵمانیا.