یاریزانانی بالەی هەولێر بەگیرفانی بەتاڵەوە چوونەتە نەجەف
رووداو دیجیتال
یاریزانانی بالەی هەولێر، ماوەی پێنج مانگە مووچەیان وەرنەگرتووە، بەگیرفانی بەتاڵەوە بەشداری لە چوار گۆشەی زێڕینی خولی نایابی بالەی عێراق دەکەن.
یاریزانێکی ئەو تیپە دەڵێ، "لەترسی بێبەشنەبوونی یەکجاری لە مافەکانمان چووینەتە چوارگۆشەی زێڕینی خولی بالە، بەڵام زۆر بێتاقەت و بێورەین".
تیپی بالەی یانەی هەولێر، کە لە ساڵی 2007ەوە هەموو وەرزێک بەشداریی لە خولی بالەی نایابی عێراق کردووە، ئەمساڵیش بەئومێدی رکابەرییکردن لەسەر نازناوی خولەکە، رووی لە خولەکە، بەڵام وەرزەکەی ئەمساڵی، وەرزێکی پڕ لە رووداوی سەیرە.
یاریزانانی تیپی بالەی هەولێر کە ئێستا لە نەجەفن و ئەمڕۆ یەکەم یارییان لە چوارگۆشەی زێڕینی خولەکە ئەنجامدەدەن، جیا لە مووچەی پێنج مانگ، نیوەی پارەی گرێبەستەکانیان وەرنەگرتووە و سەرەتای کێشەکانی تیپەکەش لە مانگی دووی ئەمساڵەوە سەرچاوەی گرتووە.
یاریزانانی تیپی بالەی هەولێر، دوای سەرکەوتنیان بۆ قۆناخی هەشتی خولی نایابی بالەی عێراق، مانگێک بایکۆتی راهێنانەکانیان کرد. بەڵام دواتر کاتێک لە مانگی سێی ئەمساڵ، یارییەکانی قۆناخی هەشتی هەمان خول لە سلێمانی بەڕێوەچوو، ئەوکات لەسەر داوای دەستەی کارگێڕیی یانەکە، تیپەکە گەڕایەوە یارییەکان، ئەگەرچی تیپەکە بەبێ مەشق و راهێنان بەشداریی لە قۆناخەکەدا کرد و لە کۆتاییشدا هاوتای هەریەکە لە گازی باکوور، مەسافیی باکوور و مەسافیی ناوەڕاست، گەیشتنە چوارگۆشەی زێڕینی خولەکە.
دوایین یاریی تیپەکە لە خولی نایابی بالەی عێراق رۆژی 2ی مانگی سێی ئەمساڵ بوو، لەوکاتەوە جارێکی دیکە یاریزانەکان دوای ئەوەی مووچە و مافەکانیان بۆ دابین نەکرا، بایکۆت کردنیان هەڵبژارد و تاوەکو ئەمڕۆ کە لە چوارگۆشەی زێڕینی خولەکە یارییدەکەن، تەنیا دوو یەکەی راهێنانیان ئەنجامداوە.
یاریزانانی تیپەکە بۆ 'رووداو سپۆرتس'یان دووپاتکردەوە، بێتاقەتییەکی زۆر باڵی بەسەر یاریزانانی تیپەکەدا کێشاوە.
وەک ئەوان دەڵێن، کێشە تەنیا مووچە و گرێبەست نییە، بەڵکو یەکێک لە یاریزانەکانی تیپی بالەی یانەی هەولێر کە ویستی ناوی پارێزراو بێت لای رووداو سپۆرتس گوتی "ئەمساڵ ئێمە پڕ لە کێشە و گرفتین، نیوەی پارەی گرێبەست و پێنج مانگە مووچەمان وەرنەگرتووە، لە ترسی ئەوەی مافەکانمان نەخورێت گەشتمان بۆ نەجەف کردووە، بەڵام بەبێ ورەیی و بێتاقەتییەکی زۆر".
چیرۆکی بەشدارییەکەی بالەی هەولێر لە پاڵەوانێتییە عێراقییەکە، درێژ و پڕ لە گرێوگۆڵ بوو.. بەهۆی سکاڵای هەریەک لە سەڵاحەدین شاکر، ئیبراهیم مزەفەر و ئەسیل جەمیل، لەبەرامبەر پێنەدانی مافەکانیان و مانەوەی پارەیان لای یانەی هەولێر لە وەرزی رابردوو، رۆژی 16ی مانگی سێی ئەمساڵ، یەکێتیی بالەی عێراق یانەی هەولێری لە خولەکە دوورخستەوە و یانەکەی بە بڕی پازدە ملیۆن دینار سزادا.
پاش چەند رۆژێک لەو سزایە، سەرۆکی یانەی هەولێر مافەکانی ئەو سێ یاریزانەی کە سکاڵایان تۆمارکردبوو گەڕاندەوە، بەڵێنیدا کێشەی یاریزانەکانی وەرزی ئەمساڵیش چارەسەر بکات و تیپەکە مافی بەردەوامبوونی لە خولەکە لە یەکێتیی بالەی عێراق وەرگرتەوە.
ئەو یاریزانەی تیپەکە کە قسەی بۆ 'رووداو سپۆرتس' کردووە دەڵێ، "هێشتا بڕی حەوت ملیۆن و نیو دیناری هەریەک لە یاریزانان ئەحمەد یونس و مستەفا کاکە جوان وەک مافی گرێبەستی وەرزی رابردوو لای یانەی هەولێر ماوە، ئەحمەد یونس لەگەڵ تیپەکە گەشتی نەجەفی کردووە، بەڵام لەگەڵ یاریزانانی دیکە مەشقی نەکردووە و بایکۆتی مەشقەکانی کردووە".
لە وەرزی ئەمساڵی خولی بالەی نایابی عێراق، هەر تیپێک بۆی هەیە یاریی بە یاریزانێکی پیشەگەر بکات. یانەی هەولێر گرێبەستی لەگەڵ لویز دێڤیدی یاریزانی پیشەگەری دۆمەنیکایی کردووە بۆ بەشداریکردن لە خولەکە. ئەو یاریزانە لە قۆناخەکانی پێشوودا بەشداریی لە یارییەکانی تیپەکەدا کردووە، بەڵام ئێستا لەبەرئەوەی دوو مانگە مووچەی وەرنەگرتووە و دەبوو بۆ هەر مانگێک بڕی 2500 دۆلار وەربگرێت، لە یەکێتیی بالەی نێودەوڵەتی سکاڵای لە یانەی هەولێر کردووە و بە راهێنەری تیپەکەی گوتووە، تاوەکو مووچەکانی وەرنەگرێت، ئامادە نییە یارییان بۆ بکات.
چیرۆکی کێشەکانی یاریزانانی بالەی هەولێر لە نێوان بەڵێن و جێبەجێنەکردندا، تاوەکو ساتی نووسینی ئەم راپۆرتە بەردەوامە. وەک یاریزانانی تیپەکە دەڵێن دەستەی کارگێڕیی یانەی هەولێر بەڵێنیان بەیاریزانەکان دابوو، بەر لە گەشتکردنیان بۆ نەجەف مووچەیەک بدەنە یاریزانەکان و ئەمڕۆ چوارشەممەش مووچەیەکی دیکە، بەڵام تاوەکو ئێستا دۆخەکە وەک خۆی ماوەتەوە و هیچ شتێک نەگۆڕاوە.