ئەو هەڵەیەی بووە پەڵەیەکی رەش بە نێوچەوانی بارسێلۆناوە
رووداو دیجیتاڵ
جارێکی دیکە بارسێلۆنا نەیتوانی خەونی هاندەرانی بۆ بردنەوەی نازناوی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەورووپا بکاتە راستی و چاوەڕوانییەکان هەر وەکو خۆی مانەوە و 11 ساڵە بلاوگرانا نەچووەتە سەر ستەیجی بردنەوەی چامپیۆنزلیگ.
بارسێلۆنا ئەم وەرزە لە قۆناخی هەشتی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەورووپا کرایە دەرەوە، کاتێک لە یاریی چووندا بە دوو گۆڵی بێبەرامبەر لە یاریگەی خۆیدا بە ئاتلێتیکۆ مەدرید دۆڕا و یاریی گەڕانەوەی بە 2-1 بردەوە، بەڵام بردنەوەکە بەشی سەرکەوتنی نەکرد.
رۆژی 14-4 لە مێژووی بارسێلۆنا دەبێتە رۆژێکی رەش و لەبیر نەکراو، بەهۆی ئەوەی چوونە دەرەوەی تیپەکە لە هەمان ئەو رۆژەدا بووە کە ساڵی 2022 بەرامبەر ئاینتراخت فرانکفۆرت لە یاریگەی خۆیدا رووبەڕووی کەوتنێکی گەورەی ئەورووپی بووەوە، کاتێک هاندەرانی یانە ئەڵمانییەکە یاریگەی بارسێلۆنایان پڕکرد لە رەنگی سپی و یارییەکەشیان بە 3-2 بردەوە.
ماڵئاواییکردنی بارسێلۆنا لە چامپیۆنزلیگی ئەم وەرزەدا، تەنیا ماڵئاواییەکی ئاسایی نەبوو، بەڵکو زنجیرەیەکی دووبارەبوونەوەی ئازار و مەینەتی تیپەکە بوو لەسەر ئاستی ئەورووپا، دووبارە تیپەکە باجی کەمیی ژمارەی یاریزانانیدا و خەونە ئەورووپییەکانی بەهۆی هەڵەی تاکەکەسی لە هەستیارترین کاتەکاندا لەبارچوون.
لە یاریی چووندا پاو کوبارسی، بەهۆی کارتی سوورەوە لە یارییەکەدا لە یاریی گەڕانەوەدا یاریی نەکرد، لە یاریی گەڕانەوەشدا ئێریک گارسیا کارتی سووری پێدرا و زیانی گەورەی بە پلانەکانی بارسا گەیاند و ئەرکی تیپەکەی فلیکی زەحمەتتر کرد.
ئەوەی بۆ هاندەرانی بارسێلۆنا جێگەی نیگەرانییە، دووبارەبوونەوەی سیناریۆی هاوشێوەیە لە یارییەکانی بارسێلۆنادا، لەکاتێکدا لە سەردەمی راهێنەرایەتیکردنی چاڤی هێرناندێزدا، لە قۆناخی هەشتی چامپیۆنزلیگی 2023-2024 کاتێک بەرامبەر پاریس سانجێرمان یارییکرد، بارسێلۆنا بە 1-0 لە پێشەوە بوو، بەڵام لە خولەکی 29 رۆناڵد ئاراوخۆ هەڵەیەکی کرد و بە کارتی سوور کرایە دەرەوە. تەنانەت چاڤیی راهێنەری یانەکەش بەهۆی ناڕەزایەتییەوە دەرکرا و دوای ئەوەش تیپەکە بە 4-1 دۆڕا و کرایە دەرەوە.
بەپێی ئامارەکان، بارسێلۆنا ئەو تیپەیە کە زۆرترین کارتی سووری لە خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەورووپادا وەرگرتووە، لە 10 وەرزی رابردوودا یانەکە 13 جار کارتی سووری وەرگرتووە، کارتە سوورەکەی ئێریک گارسیا چوارەم کارتی سووری یانەکە بوو لە سێ وەرزی رابردوودا بەدوای یەکدا.
جگە لەوە ئێریک گارسیا، یەکەم یاریزانی بارسێلۆنایە زۆرترین کارتی سووری لە مێژووی یانەکەدا لە چامپیۆنزلیگدا وەرگرتبێت، یاریزانەکە 3 کارتی سووری وەرگرتووە، رۆناڵد ئاراوخۆ 2 کارتی سووری وەرگرتووە، پاو کوبارسی 2 کارتی سووری وەرگرتووە، جێرارد پیکێ 2 کارتی سووری وەرگرتووە.
دوای کرانە دەرەوەی لە خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەورووپا، بارسێلۆنا لەم وەرزەدا جامی شا و چامپیۆنزلیگی لەدەستدا و ئێستا تەنیا نازناوی لالیگای بەدەستەوە ماوە.