ئێنریکێ باسی ئەگەری رووبەڕوبوونەوەی ریال و بایرن دەکات
رووداو دیجیتاڵ
لویس ئێنریکێ، راهێنەری یانەی پاریس سانجێرمان باس لە ئەگەری رووبەڕووبوونەوەی بایرن میونشن و ریال مەدرید دەکاتەوە، دوای ئەوەی گەیشتنە قۆناخی پێشکۆتایی چامپیۆنزلیگ.
پاریس سانجێرمان بە دووبارەکردنەوەی بردنەوەکەی لە لیڤەرپوول لە یاریی گەڕانەوەی قۆناخی هەشتدا بە دوو گۆڵی بێبەرامبەر، خۆی گەیاندە قۆناخی پێشکۆتایی.
دوای یارییەکە لویس ئێنریکێ لەلێدوانێکدا بە کەناڵی پاریس سانجێرمانی گوت "بردنەوەیەکی گەورە بوو، پێموایە ئێمە بە یاریی چوون و گەڕانەوە شایستەی سەرکەوتن بووین، زۆر دڵخۆشم بەو ئاستەی لە نیوەی یەکەمدا پێشانماندا، هەوڵماندەدا کۆنتڕۆڵی ناوەڕاستی یاریگە بکەین و بۆ من ئەوە باشترین ئاست بوو لە یارییەکەدا پێشکێشمان کرد. لە نیوەی دووەمدا بارودۆخەکە ئاڵۆز بوو و پێویستی بە ماندووبوونێکی زۆر بوو. هەوڵماندەدا بە هێرشی پێچەوانە یاریی بکەین، دوای ئەوەی گۆڵی یەکەم و دووەممان تۆمارکرد، بەڵام لە دوایین خولەکەکاندا بەتەواوی کۆنتڕۆڵی یاریگەمان کرد."
راهێنەرە ئیسپانییەکە گوتی "شانازی بە رۆحیەتی جەنگاوەرانەی تیپەکەمەوە دەکەم کە لەم یاریگە توقێنەرەدا. پاڵپشتیی هاندەران باوەڕپێنەکراو بوو، بۆیە ئێمە دڵخۆشین و ئێستا چاوەرێی ئەوەین لە قۆناخی پێشکۆتاییدا رووبەڕووی کێ دەبینەوە."
لویس ئێنریکێ لەبارەی پارێزگاریکردن لە نازناوی چامپیۆنزلیگ دەڵێت "دەزانم پارێزگاریکردن لە خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەورووپا زۆر زەحمەتە، بەڵام ئێمە جارێکی دیکە لە قۆناخی پێشکۆتایین، پێویستە سوود لەو هەلە وەربگرین کە هەمانە."
لەبارەی ئەوەی کە پاریس سانجێرمان لە قۆناخی داهاتوودا بەرامبەر بایرن میونشن یان ریال مەدرید یاریی دەکات، پرسیار لە ئێنریکێ کرا رووبەڕووبوونەوەی کامیان باشترە؟ ئێنریکێ گوتی "ئەگەر تیپێک هەڵبژێرم، بەرامبەر تیپەکەی دیکە یاریی دەکەین. جامەکە لە دەستمدا دەبێت و سەیری یارییەکەی ریال مەدرید و بایرن میونشن دەکەم، بەڵام ئەوە گرنگ نییە، ئێمە شایستەی ئەوەین لەوێ بین و لەگەڵ هاندەرەکانمان بە تەواوی چێژ لەم ساتە وەردەگرین."
پاریس سانجێرمان پاڵەوانی وەرزی رابردووی چامپیۆنزلیگە و دەیەوێت پارێزگاری لە نازناوەکەی بکات، بەڵام پێویستە لە سێ یاریی داهاتوودا سەرکەوتن بەدەستبهێنێت.