گورزێکی کوشندە بەر هەڵبژاردەی فەرەنسا کەوت

رووداو دیجیتاڵ

 

بەهۆی پێکانێکی سەختەوە هەڕەشەی دوورکەوتنەوە لە مۆندیال لەسەر ئەستێرەیەکی هەڵبژاردەی فەرەنسا دروست بووە.
 
هەڵبژاردەی فەرەنسا تووشی گورزێکی کوشندە بوو بەهۆی پێکانێکی سەختی یەکێک لە ئەستێرەکانی، کە وای لێدەکات هەڕەشەی بێبەشبوونی لە مۆندیالی 2026ـی لەسەر بێت، کە بڕیارە ئەم هاوینە لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، کەنەدا و مەکسیک بەڕێوەبچێت.
 
هەڵبژاردەی فەرەنسا لە کۆمەڵەی نۆیەمی مۆندیالدا، شانبەشانی هەڵبژاردەکانی سەنیگال، نەرویج و عێراق یاری دەکات.
 
بابەتەکە پەیوەندی بە پێکانەکەی  هوگۆ ئیکیتیکی فەرەنسی، هێرشبەری یانەی لیڤەرپوولەوە هەیە، کە لە کاتی یاریی تیپەکەی بەرامبەر پاریس سانجێرمان، دوێنێ سێشەممە لە گەڕانەوەی قۆناخی هەشتی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەورووپا تووشی بوو.
 
ئیکیتیکی لەو یارییەی کە بەبردنەوەی سانجێرمان 2-0 لە ناو یاریگای ئانفێڵد کۆتاییهات، بە داربەستە یاریگای جێهێشت، ئەمەش دوای تێپەڕبوونی نزیکەی نیو کاژێر بەسەر دەستپێکردنی یارییەکەدا.
 
تۆڕی ESPN ئاشکرایکردووە کە پێکانەکەی ئیکیتیکی سەخت دیارە و هەڕەشەی دوورخستنەوەی لە مۆندیالی لێدەکات، هەروەها گورزێکیشە بۆ یانەی لیڤەرپوول لەکاتێکدا هەوڵ دەدات بۆ وەرزی داهاتوو بگاتە خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەورووپا.
 
لەکاتێکدا مەترسی ئەوە هەیە تووشی پچڕانی ژێی تەڵەزمە بووبێت، ئارنێ سڵۆت، راهێنەری لیڤەرپوول دوای یارییەکە لە لێدوانێکدا رایگەیاند"ئیکیتیکی باش نییە. هەموومان بینیمان کە دیمەنەکە باش دیار نەبوو. ئەو لە نیوەی یەکەمدا یاریگای جێهێشت، بۆیە هێشتا نەمبینیوەتەوە".
 
ئەو زیاتر گوتی "دۆخەکە زۆر خراپ دیارە، بەڵام بۆ من قورسە لە ئێستاوە دیاری بکەم کە چەندە سەختە. بەیانی پشکنینی زیاتر ئەنجام دەدەین بۆ ئەوەی بزانین قەبارەی پێکانەکەی چەندە".