زیدان بۆ یارییەکەی ئەمشەو رێنوێنی داوەتە ئەربێلوا
رووداو دیجیتاڵ
زینەدین زیدان، ئەفسانەی پێشووی یانەی ریال مەدرید پێشنیازی بۆ ئەلڤارۆ ئەربێلوای راهێنەری یانەی شاهانە کردووە لە یارییەکەی ئەمشەودا پشت بە فێرلان مێندی ببەستێت.
لەکاتێکدا رووبەڕوووبوونەوە چاوەڕوانکراوەکەی بەرامبەر بایرن میونشن لە یاریگای ئالیانز ئارینا لە یاریی گەڕانەوەی قۆناخی هەشتی چامپیۆنزلیگدا نزیک دەبێتەوە، مشتومڕەکان لە ناو یانەی ریال مەدرید سەبارەت بە ناسنامەی بەرگریکاری چەپی سەرەکی زیاد دەکەن؛ ئەمەش بەهۆی پێویستییەکی زۆر بە چارەسەری بەرگری بۆ راگرتنی مەترسییەکانی یەکێک لە دیارترین ئەستێرەکانی تیپی بەرامبەر، کە ئەویش مایکل ئۆلیسێ یە.
بەپێی راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان، ناوی فێرلاند مێندیی فەرەنسی وەک بژاردەیەکی سوپرایز لە ناو حساباتەکانی دەستەی تەکنیکی بە سەرۆکایەتی راهێنەر ئەلڤارۆ ئاربێلوادا دەرکەوتووە، هەرچەندە پێشبینییەکان بۆ ئەوە دەچوون کە زیاتر پشت بە ئەلڤارۆ کارێراس ببەسترێت دوای ئەوەی لە یاریی کۆتاییدا پشووی پێدرابوو.
بەگوێرەی سەرچاوەیەکی نزیک لە ریال مەدرید، زینەدین زیدانی راهێنەری پێشووی یانەکە، داوای لە ئەلڤارۆ ئەربێلوا کردووە لەم یارییەدا پشت بە فێرلان مێندی ببەستێت.
زیدان، کە پێشتر سەرپەرشتی مێندی کردووە، پێیوایە ئەم بەرگریکارە فەرەنسییە خاوەنی ئەو توانا بەرگرییانەیە کە پێویستن بۆ راگرتنی مەترسییەکانی ئۆلیسێ، بەتایبەتی لەو یارییە گەورانەی کە پێویستیان بە سەرنجدان و دیسپلینێکی بەرزی هەیە.
وەرزێکی ئاڵۆز و پێکانە بەردەوامەکان
مێندی لەم وەرزەدا بەدەست پاشەکشەیەکی روونی ئامادەیی جەستەییەوە دەیناڵاند دوای زنجیرەیەک پێکان، کە دیارترینیان پێکان بوو لە ماسوولکەی پشتەوەی قاچیدا لە کاتی رووبەڕووبوونەوەی مانچێستەر سیتی، ئەمەش وایکرد بەشدارییەکانی بەشێوەیەکی بەرچاو کەم ببنەوە، بەجۆرێک دوای دابڕانێکی درێژ تەنیا بۆ چەند خولەکێکی کەم بەرامبەر جیرۆنا دەرکەوت.
ئامارەکان قەبارەی تەنگژەکە نیشان دەدەن، چونکە یاریزانەکە لە ژمارەیەکی زۆری یارییەکانی ئەم وەرزەدا ئامادە نەبووە، ئەمەش کاریگەری کردووەتە سەر بەردەوامییەکەی و متمانەی دەستەی تەکنیکی بەئامادەیی تەواوی ئەو یاریزانە.
کارتێکی بەرگری
سەرەڕای ئەوەش، توانایە بەرگرییەکانی مێندی هێشتا لە ناو یانەکەدا جێگەی بایەخ و ستایشن، بەهۆی هێزی جەستەیی، خێرایی و توانای خوێندنەوەی یارییەکەی، ئەمانەش وایلێدەکەن ببێتە بژاردەیەکی نموونەیی بۆ رووبەڕووبوونەوەی باڵە خێرا و مەترسیدارەکانی وەک ئۆلیسێ، کە لە یاریی چووندا بەشێوەیەکی سەرنجڕاکێش درەوشایەوە.
ئامادەکارییەکان پێش بڕیاری کۆتایی
لە دوایین یارییدا بەرامبەر جیرۆنا، فران گارسیا بەشێوەی سەرەکی یاری کرد، لەکاتێکدا کارێراس پشووی وەرگرت بۆ ئەوەی بۆ یارییە ئەورووپییە گەورەکە ئامادەبێت، لەهەمانکاتدا مێندی وردە وردە گەڕایەوە ناو کەشی تیپەکە لەناو پێشوازییەکی گەرمی جەماوەریی لە یاریگای سانتیاگۆ برنابیۆ.
بڕیارێک کە هێشتا یەکلایی نەکراوەتەوە
تاوەکو ئەم ساتە ناوی بەرگریکاری چەپی سەرەکی بۆ رووبەڕووبوونەوەی بایرن میونشن یەکلا نەکراوەتەوە، بەڵام هاتنە ناوەوەی مێندی بۆ ناو بازنەی بەربژێرەکان، گرنگی لایەنی بەرگری لەم یارییە چارەنووسسازەدا نیشان دەدات.
لە شەوێکدا کە هیچ هەڵەیەک قبوڵ ناکات، لەوانەیە بڕیاری کۆتایی سەبارەت بەم شوێنە 'بەرگریکاری چەپ'، فاکتەری سەرەکی بێت لە دیاریکردنی ناسنامەی ئەو تیپەی دەگاتە قۆناخی داهاتوو.