توخێل بۆ یەکەم نازناو و رۆجەرزیش بۆ دروستکردنی مێژوو بەیەکدەگەن
رووداو دیجیتال
لێستەر سیتی کە خوازیاری دروستکردنی مێژووە لە یاریی کۆتایی جامی یەکێتیی ئینگلتەرادا، رووبەڕووی تۆماس توخێلی راهێنەری ئەڵمانی دەوەستێتەوە، کە ئەویش بەدوای یەکەم نازناوی دا دەگەڕێت لە ماوەی کورتیدا لەگەڵ چێڵسی.
ئەمڕۆ کاژێر 19:15 بە کاتی باشووری کوردستان، هەردوو یانەی لێستەر سیتی و چێڵسی لەسەر یاریگەی وێمبلی لە لەندەن یاریی کۆتایی جامی یەکێتیی ئینگلتەرا ئەنجام دەدەن.
توخێل سەرکێشییەکی خۆش بەسەردەبات، کە لەوەتەی لە سەرەتای ساڵەوە بووەتە راهێنەری یانەی چێڵسی، سەرکردایەتی تیپەکەی کردووە بۆ گەیشتن بە یاریی کۆتایی چامپیۆنزلیگ، یاریی کۆتایی جامی یەکێتیی ئینگلتەرا، هەروەها چێڵسیشی گەڕاندووتەوە بۆ نێو بیگ فۆڕی پرێمەرلیگ.
لەگەڵ ئەوەشدا ئەرکەکە قورس دەبێت لە بەرامبەر تیپێک کە بە سەرکردایەتی برێندان رۆجەرزی راهێنەری سکۆتلەندی لە پرێمەرلیگدا بە دوو خاڵ لەپێشیەتی.
لێستەر سیتی زۆر بە پەرۆشە بۆ بردنەوەی یەکەم نازناوی کۆنترین پاڵەوانێتی تۆپی پێ، کە لە ساڵی 1969ـەوە یەکەمجارە دەگاتە یاریی کۆتایی ئەم جامە و پێشتر 4 جار گەیشتووەتە یاریی کۆتایی جامەکە، بەڵام هیچ جارێک نەیبردووەتەوە.
یانەی بلوز لە مێژووی خۆیدا 8 جار ئەم جامەی بەدەستهێناوە، کە دوایینیان ساڵی 2018 بوو بەرامبەر مانچێستەر یونایتد، لە وەرزی رابردووشدا یاریی کۆتایی بە ئارسیناڵ دۆڕاند، واتا ئەمڕۆ چوارەم یاریی کۆتایی ئەم پاڵەوانێتییەیە لە دوایین پێنج ساڵدا ئەنجامی دەدات.
توخێل لەوەتەی گەیشتووەتە چێڵسی، بەسەر راهێنەرە بەنێوبانگەکاندا سەرکەوتووە، وەک پێپ گواردیۆلا، یورگن کڵۆپ، جۆزێ مۆرینیۆ، دیێگۆ سیمیۆنی، زینەدین زیدان و کارلۆ ئەنچیلۆتی، بەڵام بۆ یەکەمجارە وەک راهێنەری بلوز رووبەڕووی رۆجەرز دەبێتەوە و خوازیارە لەویش بباتەوە.
تۆخێل تیپێکی بەهێزی دروستکردووە و هەموو یانەکان بە ترسەوە رووبەڕووی دەبنەوە، کە ئەو سەرەتا هێڵێکی بەرگری پۆڵایینی بۆ تیپەکەی دروستکرد و ئینجا تا راددەیەک کێشەی نەزۆکی هێرشبەرانیشی چارەسەرکرد، هەروەها یارمەتی نگۆلۆ کانتێی یاریزانی فەرەنسی دا بۆ ئەوەی بگەڕێتەوە ئاستی ئاسایی خۆی، متمانەی بۆ هەریەک لە جۆرجینیۆی ئیتالی و ئەنتۆنیۆ رودیگێری بەرگریکاری ئەڵمانیش گەڕاندەوە، کە ئێستا دوو لە یاریزانە کاریگەرەکانی تیپەکەن.
لەگەڵ ئەوەشدا دۆراندنی چێڵسی بە ئارسیناڵ لە پرێمەرلیگدا، کە سێیەم دۆڕانی بوو لە 26 یارییدا لەدوای هاتنی تۆخێڵەوە، جارێکی دیکە نیشانەی پرسیاری خستەوە سەر هێڵی هێرشبردنی تیپەکەی توخێل و ئەو راستییەی دووپاتکردەوە کە پێویستە چارەسەرێکی خێرا بۆ هێڵی هێرشبردنی بدۆزێتەوە، کە پێکهاتووە لە تیمۆ ڤێرنەر، کای هاڤێرتس، حەکیم زیاش و پولیسیچی یاریزانی ئەمریکی.