ڤیدیۆ؛ ئایاکس پێشەنگی لەدەستدا و شەڕ روویدا


رووداو دیجیتاڵ

یانەی ئایاکس ئەمستەردام هەلێکی گەورەی بۆ بردنەوەی ناسناوی خولی هۆڵەندا لەدەستدا، دوای ئەوەی بەزەحمەت لەگەڵ یانەی گرۆنینگن یەکسان بوو.
 
لە رکابەرییەکانی گەڕی سی و سێیەمی خولی هۆڵەندا و گەڕێک پێش کۆتاییهاتنی ئەم وەرزەی رکابەرییەکانی خولەکە، یانەی ئایاکس ئەمستەردامی پێشەنگی ریزبەند بەرامبەر یانەی گرۆنینگن یاریی کرد.
 
سەرەتا لە خولەکی بیست و حەوت، ئانتۆن گای بە لێدانێکی بەهێز گۆڵی پێشکەوتنی بۆ یانەی ئایاکس تۆمار کرد. نیوەی یەکەمی یارییەکە لە بەرژەوەندی یانەی میوان کۆتایی هات.
 
لە دەستپێکی نیوەی دووەمدا، تۆم ڤان بێرگن ئەنجامەکەی بۆ یانەی گرۆنینگن یەکسان کردەوە. رکابەرییەکە بەهێزتر لێهات. لە خولەکی شەست و هەشتەم ڤێد ڤیگۆرس جارێکی دیکە ئایاکسی پێشخست و گۆڵی دووەمی تۆمار کرد. 
 
خولەکەکانی کۆتایی یارییەکە گەرم و گوڕتر بوو. لە خولەکی 93 لۆسیانۆ ڤاڵێنتی کارتی سووری وەرگرت و لە گۆڕەپان دەرکرا، بەڵام سەرەڕای ئەوەش  خاوەن یاریگا توانی جارێکی دیکە بگەڕێتەوە نێو کەش و هەوای یارییەکە و تێمێن بڵۆکزی ئەنجامەکەی لە خولەکی نەوەد و نۆیەم یەکسان کردەوە. یارییەکە بە یەکسانبوون بە دوو گۆڵ بۆ هەر لایەک کۆتایی هات. لە دوای یارییەکەدا گرژی و ئاڵۆزییەکی زۆر روویدا، بەهۆی یەکسانبوون لە یارییەکەدا ئایاکس ئەمستردام پێشەنگی ریزبەندی خولەکەی لەدەستدا و تەنیا یەک گەڕ ماوە بۆ رکابەرییەکانیان لە وەرزای خولەکە.