ئەنچێلۆتی، بەرازیلی هەژاندووە
رووداو دیجیتاڵ
دەستنیشانکردنی کارلۆ ئەنچێلۆتی، راهێنەری ریال مەدرید بە راهێنەری نوێی هەڵبژاردەی بەرازیل، مشتومڕ و کاردانەوەی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا و سەرۆکی بەرازیل، ناڕەزایەتیی خۆی لەوبارەیەوە خستە روو. لە کاتێکدا هەندێک لە ئەفسانەکانی بەرازیل، کارەکە پەسند دەکەن.
لویس ئیناسیۆ لولا داسێلڤا، سەرۆکی بەرازیل، ناڕەزایەتیی راستەوخۆ و تووندی خۆی لەبارەی دەستنیشانکردنی کارلۆ ئەنچێلۆتی بە راهێنەری هەڵبژاردەکە دەربڕی، ئەو دەڵێ ئەنچێلۆتی رۆژێک لە رۆژان راهێنەری هەڵبژاردەی ئیتاڵیا نەبووە.
فیدراسیۆنی تۆپی پێی بەرازیل، رۆژی دووشەممە بەفەرمی دەستنیشانکردنی ئەنچێلۆتی 65 ساڵی بەراهێنەری هەڵبژاردەکە لە کۆتایی وەرزی ئەمساڵدا راگەیاند.
داسێلڤا، کە راهاتووە لەسەر قسەکردن لەبارەی هەموو بابەتێکەوە کە پەیوەندی بەوڵاتەکەیەوە هەبێت، پێی باشتربوو راهێنەرێکی بەرازیلی بۆ بەڕێوەبردنی هەڵبژاردەکە دەستنیشان بکرێت.
سەرۆکی بەرازیل دەڵێ، "لە راستیدا هیچ دژایەتییەکم بۆ بوونی راهێنەرێکی بیانی لە مەشقدانی بەرازیل نییە، بەڵام پێموایە راهێنەری بەرازیلی هەن دەتوانن هەڵبژاردەکە بەڕێوە ببەن".
سەرۆکی بەرازیل هەروەها دەڵێ، "ئەنچێلۆتی راهێنەرێکی مەزنە، هیوادارم بەهۆی ئەزموون و تاکتیک و ستراتیژی ئەوەوە هەڵبژاردەی بەرازیل باش ببێت، پێموایە ئێمە بەقۆناخی وشکەساڵی لە بەرهەمهێنانی یاریزاناندا تێدەپەڕین، چونکە ئەو نەوە زێڕینەمان نەماوە کە پێشتر هەمانبوو، لەبیرتان بێت، هێڵی هێرشبەریمان لە 2002 و 2006 کێ بوون".
ساڵی رابردوو، کاتێک مقۆمقۆی دەستنیشانکردنی ئەنچێلۆتی بەراهێنەری بەرازیل سەریهەڵدا، داسێلڤا رەخنەی لە کارەکە گرت و گوتی، "ئەو هیچ کات راهێنەری هەڵبژاردەی ئیتاڵیا نەبووە، بۆچی کێشەکانی هەڵبژاردەی وڵاتەکەی خۆی چارەسەر ناکات کە تەنانەت نەگەیشتووەتە مۆندیالی 2022؟".
سەرۆکی بەرازیل، داوای پشتبەستن بەیاریزانانی نێوخۆی خولی بەرازیلی کردووە، ئەو دەڵێ، "بەسەرۆکی فیدراسیۆنم گوت دەمەوێت ئەزموونی ئەوە تاقی بکەینەوە 22 یاریزانی خولی نێوخۆی بەرازیل ببەینە هەڵبژاردەکە، بزانین چی روودەدات، پێموایە ئەنجامەکە یان وەک ئەوەی ئێستا دەبێت، یان باشتر".
بەڵام پێدەچێ لەگەڵ هاتنی ئەنچێلۆتیدا بۆ مەشقدانی هەڵبژاردەکە، ئەو خەونەی سەرۆکی وڵات بپوکێتەوە، چونکە یەکەم کاری میستەر ئەوەیە کە پەیوەندی بەکارسیمیرۆی یاریزانی مانچێستەر یونایتدەوە کردووە، بۆئەوەی بیگێڕێتەوە بۆ پێکهاتەی سیلیساو کە بڕیارە رۆژی 26ی ئەم مانگە ئاشکرا بکرێت.
مشتومڕەکەی میستەر کارلۆ، لای ئەفسانەکانی بەرازیل بەجۆرێکی دیکەیە، دۆنگای کاپتنی هەڵبژاردەکە لە مۆندیالی 1994 پەسنی کارەکەی کرد.
ئەو دەڵێ، "فیدراسیۆنی تۆپی پێی بەرازیل ناوێکی گەورەی هێناوە و ئەنچێلۆتی راهێنەرێکە پێویستی بەخۆناساندن نییە، هەمووان دەبێ هاوکاری بن بۆ زوو گونجان".
ئەو هەروەها دەڵێ، "کاتێک راهێنەری بیانی کوالیتییەکی بەرزی هەیە، شتێکی نائاسایی نییە بۆ هیچ کەسێک بێتە هەڵبژاردەکەمان، چونکە هەمووان پشتگیریی دەکەن و ئەوەش هانیدەدات بۆ ئەوەی کارێکی باش لەگەڵ هەڵبژاردەکەدا بکات، چ لە رووی رێکخستن یان شێوازی یارییکردن یان دەستنیشانکردنی یاریزانان".
بڕیارە ئەنچێلۆتی یەکەم دەرکەوتنی لەگەڵ هەڵبژاردەی بەرازیل لە یاریی هەڵبژاردەکە بەرامبەر ئیکوادۆر بێت لە 6ی حەوتی ئەمساڵ لە پاڵاوتنەکانی گەیشتن بەمۆندیال، دواتریش لە 11ی هەمان مناگدا سیلیساو لە یاریگەی خۆیدا رووبەڕووی پاراگوای دەبێتەوە.
هەڵبژاردەی بەرازیل، پلەی چوارەمی ریزبەندی پاڵاوتنەکانی ئەمریکای باشووری بۆ گەیشتن بەمۆندیالی داهاتوو گرتووە، لە کاتێکدا پاڵاوتنەکان چوار گەڕیان ماوە و شەش هەڵبژاردەی یەکەم راستەوخۆ دەگەنە مۆندیال.