ڤیدیۆ؛ بارسێلۆنا دەیەوێت ببێتە پاڵەوانی لالیگا و مێژوو تۆماربکات
رووداو دیجیتاڵ
یانەی بارسێلۆنا لەبەردەم هەلێکی گرنگدایە بۆ ئەوەی نازناوی ئەم وەرزەی لالیگا لە بەرژەوەندی خۆی یەکلابکاتەوە، کاتێک ئەمشەو بەرامبەر یانەی ئیسپانیۆل یاری دەکات.
لە رکابەرییەکانی گەڕی 36ـی لالیگادا، ئەمشەو بارسێلۆنای پێشەنگی ریزبەندی لالیگا لە دەرەوەی یاریگەی خۆی بەرامبەر یانەی ئیسپانیۆل یاری دەکات و بەبردنەوەی یارییەکە راستەوخۆ بارسێلۆنا دەبێتە پاڵەوانی ئەم وەرزەی خولی ئیسپانیا.
بارسا دوای بردنەوەی کلاسیکۆ هەنگاوێکی گەورە لە یەکلاکردنەوەی خولەکە نزیکبووەتەوە، یانەکە چاوی لەوەیە ئەمشەو لە دەرەوەی یاریگەی خۆی نازناوەکە یەکلابکاتەوە.
فێران تۆرێس بەشداری لە یارییەکەدا ناکات، دوای ئەوەی رۆژی چوارشەممە بەهۆی هەوکردنی ریخۆڵە کوێرەوە نەشتەرگەرییەکی سەرکەوتووی بۆ ئەنجامدرا، بەڵام چاوەڕواندەکرێت مارک کاسادۆ بگەڕێتەوە نێو پێکهاتەی سەرەکی یانەکە، دوای ئەوەی ماوەیەک بوو بەهۆی پێکانەوە دوورکەوتبووەوە.
پێشتر بارسێلۆنا 4 جار لە 14-5 نازناوی لالیگای بردووەتەوە، ئەویش لە 1994-2005-2016-2023 بووە و هەرگیر لە 15ـی 5 نەیتوانیووە نازناوەکە یەکلابکاتەوە، ئەمڕۆ دەیەوێت ئەمڕۆش بباتە نێو مێژووی یانەکەدا.
هاوکات ئەم یارییە بۆ بارسێلۆنا تایبەتە و یاریزانانی یانەکە دەیانەوێت سیناریۆی ساڵی 2023 دووبارەبکەنەوە، کاتێک لە یاریگەی ئیسپانیۆلدا نازناوەکەیان یەکلاکردەوە، ئەمشەو بەبردنەوەی یارییەکە ئەوە دووبارە دەبێتەوە و بلاوگرانا دەبێتە خاوەنی 28 نازناوی خولی ئیسپانیا.