چوار لێدانی سزا و یەکسانبوونێکی دراماتیکی لە یاریی موسڵ و دهۆک
رووداو دیجیتاڵ
لە گەڕی 35ـی خولی ئەستێرەکانی عێراق، یانەی موسڵ و دهۆک لە یارییەکی پڕ لە گۆڵ و رووداوی سەرنجڕاکێشدا بە 3 گۆڵ بۆ هەرلایەکیان یەکسان بوون. یارییەکە چوار لێدانی سزا و گۆڵێکی کوشندەی لە دوا خولەکەکاندا بەخۆیەوە بینی.
یارییەکە لەسەر یاریگای موسڵ بەڕێوەچوو بەڵام لەبەر ئەوەی موسڵ یاریگەی دهۆکی دەستنیشانکردووە بۆیە یارییەکە لە دهۆک بەڕێوەچوو، مەسڵ زوو دەستپێشخەری کرد و لە خولەکی 9 ئیبراهیم غازی یاریزانی پێشووی دهۆک لە رێگەی لێدانی سزاوە گۆڵی پێشکەوتنی تۆمارکرد بەڵام ئاهەنگی نەگێڕا. گێمی یەکەم بەو تاکە گۆڵە لە بەرژەوەندی موسڵ کۆتایی هات.
لەگەڵ دەستپێکردنی گێمی دووەم، دهۆک بە هێزەوە گەڕایەوە و تەنیا یەک خولەک دوای دەستپێکردن، لە خولەکی 46 سەفا هادی بە لێدانێکی مووشەکئاسا ئەنجامەکەی یەکسان کردەوە. گوشارەکانی دهۆک بەردەوام بوون تاوەکو لە خولەکی 56 پیتەر کۆرکیس بە لێدانێکی سزا نایاب لەسەر شێوازی پانێنکا گۆڵی دووەم و پێشکەوتنی تۆمارکرد.
موسڵ کۆڵی نەدا و لە خولەکی 73 جوستن مێرادم لە رێگەی لێدانی سزاوە ئەنجامەکەی کردەوە بە 2-2. کاتێک هەمووان چاوەڕێی فیکەی کۆتایی بوون، یارییەکە گەیشتە لووتکەی وروژاندن. پیتەر کۆرکیس لە خولەکی 90+5 جارێکی دیکە لە رێگەی لێدانی سزاوە گۆڵی سێیەمی دهۆکی تۆمارکرد. دهۆک پێیوابوو سێ خاڵەکەی مسۆگەر کردووە، بەڵام بەشیرۆ عومەر لە خولەکی 90+11 و لە دوایین هێرشدا، گۆڵی یەکسانبوونەوەی بۆ موسڵ تۆمارکرد.
ئەم وەرزەی خولی ئەستێرەکانی عێراق ململانێیەکی تووندی بەخۆیەوە بینیووە، دهۆک و موسڵیش بەم یەکسانبوونە خاڵێکی دیکەیان بۆ کۆی خاڵەکانیان زیاد کرد و یەکێک لە سەرنجڕاکێشترین یارییەکانی ئەمساڵیان پێشکێش بە هاندەران کرد.