باسم قاسم: یارییەکەمان بەرامبەر نەورۆز دەروازەیەکە بۆ گەیشتن بە پاڵەوانێتییە دەرەکییەکان
رووداو دیجیتاڵ
باسم قاسم، راهێنەری یانەی هەولێر رایگەیاند یارییەکەیان بەرامبەر یانەی نەورۆز وەک یاریی کۆتایی پاڵەوانێتییەک وایە، چونکە سەرکەوتن لەو یارییەدا رێگەیان بۆ دەکاتەوە بەشداری لە پاڵەوانێتییە دەرەکییەکان بکەن و هەنگاوێک زیاتر لە نازناوی خولەکە نزیک ببنەوە.
باسم قاسم لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانی پێش یاریی هەولێر و نەورۆز ئاماژەی بەوە کرد یانەی نەورۆز لەم دواییەدا لەژێر سەرپەرشتی وەلی کەریمی راهێنەری یانەکە ئەنجامی باشیان بەدەستهێناوە و خاوەنی کۆمەڵێک یاریزانی باشن، بەڵام بۆ ئەوان ئەم یارییە کلیلی بەرهەمی هەموو ماندووبوونی یاریزانان، کارگێڕی و میدیاکارانە بۆ گەیشتن بە ئامانجە گەورەکانیان.
باسم قاسم لەبارەی ئامادەیی یانەکەی گوتی "ئێمە وەک هەولێر بەتەواوی ئامادەین و هیچ یاریزانێک نییە ئامادە نەبێت، هیوادارم یارییەکی بەهێز و شایستە بە ناوی هەردوو یانە پێشکێش بکەین". هەروەها گوتیشی "نەورۆز مافی خۆیەتی خەونی هەبێت، بەڵام خەونی ئێمە گەورەترە، چونکە ئەم سەرکەوتنە پاڵمان پێوە دەنێت بۆ کێبڕکێی نازناوی خولەکە، ئەمەش هاندەرێکی گەورەیە بۆ یاریزانەکانمان".
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، راهێنەرەکەی هەولێر باسی لەوە کرد یانەی نەورۆز لە یاریی رابردوو 5 بۆ 6 یاریزانی سەرەکییان بەهۆی پێکان و سزاوە یاریی نەکردووە، بەڵام بێگومان بۆ ئەم یارییە ئامادە دەبن، بۆیە پێویستە هاندەرانی هەولێر بە ژمارەیەکی زۆرەوە لە یاریگە ئامادەبن، چونکە هەمیشە باشترین پاڵپشتی یانەکەن.
هەولێر پلەی سێیەمی ریبەندی خولی ئەستێرەکانی عێراقی گرتووە و دەیەوێت بەم بردنەوەیە خۆی نزیکبکاتەوە لە پلەکانی پێشەوەی ریزبەندی