ناڤاس رازی نییە ببێتە یەدەگی هیچ گۆڵپارێزێک

رووداو دیجیتال

کایلۆر ناڤاس، گۆڵپارێزی کۆستاریکیی یانەی پاریس سانجێرمانی فەرەنسی، رازی نییە ببێتە یەدەگی هیچ گۆڵپارێزێکی جیهان.

یانەی پاریس سانجێرمان نزیکە لە گرێبەستکردن لەگەڵ جیانلویجی دۆناروومای گۆڵپارێزی یانەی میلانی ئیتالی، ئەمەش بەدڵی ناڤاس نییە، چونکە ئەو هێشتا زۆر متمانەی بە تواناکانی خۆی هەیە و هیچ گۆڵپارێزێک بە شایەنی ئەوە نازانێت کە ببێتە یەدەگی.

وەک میدیای فەرەنسا باسی دەکات، ناڤاس بە هاتنی دۆنارووما بڕیاری رۆیشتن دەدات، چونکە دەزانێت یانەکەی بۆ ئەوە گرێبەست لەگەڵ گۆڵپارێزێکی وەک دۆنارووما ناکات بۆ ئەوەی ببێتە گۆڵپارێزی یەدەک، خۆیشی بەوە رازی نابێت ببێتە یەدەگ، بۆیە بیر لە رۆیشتن دەکاتەوە.

هەندێک لە سەرچاوەکانیش دەڵێن "میلانیش بیر لەوە دەکاتەوە کە لە بەرامبەر فرۆشتنی دۆناروومادا گرێبەست لەگەڵ ناڤاسدا بکات".

ناڤاس، کە ماوەی گرێبەستەکەی لەگەڵ اینەی پاریسی لە هاوینی 2024 کۆتاییدێت، لە وەرزی رابردوودا لەگەڵ پاریس سانجێرماندا بەشداری لە 45 یاری لە سەرجەم خول و پاڵەوانێتییەکاندا کرد و 20 کلین شیتی هەبوو، 36 گۆڵیشی لێکرا.

راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان لە فەرەنسا ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن کە ئەگەری ئەوە هەیە رۆژی پێنجشەممە پاریس سانجێرمان گرێبەستکردنی لەگەڵ دۆنارووما رابگەینێت.