ڤیدیۆ؛ ئێران و عێراق کلاسیکۆی مەرگ دەکەن
رووداو دیجیتال
رکابەریی ئێران و عێراقە لەسەر گرتنی پێشەنگی کۆمەڵەی سێیەم، کە لە دوایین یاریی قۆناخی کۆمەڵەکانی پاڵاوتنەکانی ئاسیا و مۆندیالی قەتەر هەردوولا پێشەنگییان دەوێت، ریزبەندییەکە لەبەرژەوەندی عێراقە و بە جیاوازی دوو خاڵ لەپێش ئێرانەوەیە، بەڵام یارییەکەی ئەمڕۆ لە بەحرەین بەڕێوەدەچێت، بۆیە عێراق ترسی لێنیشتووە تووشی شکست بێت، تەنیا شکست عێراق لە پێشەنگی کۆمەڵەکە دادەگرێت، ئێرانیش ئەمەی دەوێت، خۆ ئەگەر ئێران ئەم یارییە نەباتەوە، ئەوا ناگاتە قۆناخی داهاتوو.
بە مێژوویەکی گەورە و یادگاری زۆرەوە، هەڵبژاردەی عێراق یەکێک لە گرنگترین و بەهێزترین یارییەکانی ئەنجامدەدات، کاتێک لە دوایین گەڕی قۆناخی یەکەمی پاڵاوتنەکانی گەیشتن بە مۆندیالی 2022ـی قەتەر بەرامبەر هەڵبژاردەی ئێران یارییدەکات.
ئێوارەی ئەمڕۆ، کاژێر 19:30 چاوی عاشقانی تۆپی پێی عێراق و ئێران دەچنە سەر یاریگەی موحرەق لە بەحرەین، بۆ رکابەری یەکلاکردنەوەی پێشەنگی کۆمەڵەی سێیەمی پاڵاوتنەکان.
عێراق لە پلەی یەکەمی ریزبەندی کۆمەڵەکە خاوەنی 17 خاڵە، لە پاڵاوتنەکاندا لە کۆی 7 یاریی رابردوودا هیچ یارییەکی نەدۆڕاندووە، 5 بردنەوە و دوو یەکسانبوونی هەیە، ئێستا بە جیاوازیی 2 خاڵ لە پێش هەڵبژاردەی ئێرانە، کە ئەمیان یەک یاریی دۆڕاندووە، ئەویش بەرامبەر عێراق بوو لە گەڕی پێنجەمدا لە ئوردن.
بەر لەم یارییە بە چەند رۆژێک میدیا و یاریزانانی ئێران جیاواز لە هەموو یارییەکانی دیکە شەڕیان بەرامبەر عێراق راگەیاند، رۆژنامەکانی ئێران دەڵێن " ئەمە یاریی ژیانە بۆ هەڵبژاردەکەیان، یاریزانەکانیشی کۆکن لەسەر ئەوەی وانەیەکی مێژووی بدەنە عێراق، بەڵام یاریزانانی پاڵەوانی ئاسیای 2007 ئارامتر لە ئێرانییەکان دەڕواننە یارییەکە، لەکاتێکدا بە یەکسانبوون و بردنەوە دەگەنە قۆناخی کۆتایی پاڵاوتنەکان و هیچ گوشارێکی ئەوتوویان لەسەر نییە.
بۆ هاندانی زیاتری یاریزانەکانی لە پێناو بردنەوەی یارییەکەدا، فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئێران بڕیارییداوە 5 هەزار دۆلار وەک پاداشت بداتە یاریزانەکانی ئەگەر لە یارییەکەدا بردنەوەیان تۆمارکرد، چونکە هەڵبژاردەکە جگە لە بردنەوە هیچ رێگەیەکی دیکەی نییە بۆ گەیشتن بە قۆناخی داهاتوو، بەڵام بۆ عێراق بەو شێوەیە نییە، بە دۆڕان و یەکسانبوونیش هەلی سەرکەوتنی زۆرە.
ئەوەی کێشەیەکی بچووکی خستووەتە بەردەم کاروانی کارکردنی سریچکۆ کاتانیچ لەگەڵ هەڵبژاردەی عێراق، نەدانی مووچەی 5 مانگی رابردووی ئەو راهێنەرەیە، بەپێی زانیارییەکانی رووداو، مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق هەموو مووچەکانی راهێنەرەکە دەدات و هاوکارییەکی گەورەی یاریزانانی هەڵبژاردەی وڵاتەکەیشی دەکات.
لە ساڵی 2015ـەوە عێراق بەرامبەر ئێران نەدۆڕاوە، ئەمڕۆ لە بەردەم مێژوودا دەیەوێت ئێران لە هەنگاونان بەرەو مۆندیال بێبەش بکات.