جەعفەر فەهیم: بەزەییم بەخۆمدا دێتەوە
رووداو دیجیتاڵ
جەعفەر فەهیم، ناوبژیوانی پێشووی یاریگاکانی کوردستان و عێراق بە دۆخێکی خراپی تەندروستیدا تێدەپەڕێت و داوای هاوکاریی لە بەرپرسانی هەرێمی کوردستان دەکات.
فەهیم، لە لێدوانێکیدا بۆ رووداو ئاشکرایی کرد "ماوەی شەش ساڵە بارودۆخم خراپە و ناتوانم بە قاچەکانم بڕۆم، رۆژێکیان بە خراپی کەوتمە سەر زەوی و ئێسکی رانی راستم شکا، هەرچەندە نەشتەرگەرییم بۆ کرا، بەڵام سەرکەوتوو نەبوو، ئێستاش زۆر سکم بەخۆم دەسووتێت کە خۆم بەم حاڵە دەبینم".
ئەم ناوبژیوانە دێرینەی شاری هەولێر دەڵێت "هەموو ئەرکەکانم بە رێکوپێکی کردووە، هیچ کاتێک کەمتەرخەمیم نەکردووە، ئێستاش کە تەندروستیم خراپە، داوا دەکەم هاوکارییم بکەن و چارەسەرم بکەن، من ناڵێم بمبەنە دەرەوەی وڵات، لەوانەیە لێرە چارەسەرم هەبێت، تەنیا دەڵێم هاوکارییم بکەن لەبەر رەنجی چەند ساڵەی کە بۆ وەرزشی ئەم وڵاتەم چەشتووە".
جەعفەر فەهیم، لەدایکبووی ساڵی 1955ـە، 20 ساڵ ناوبژیوان بووە و 15 ساڵیش وەک سەرپەرشتیاریی یاریی لە خولەکانی کوردستان خزمەتیی کردووە.
ئەو هەمیشە وەک کاراکتەرێکی دڵسۆز لە بواری وەرزشیی کوردستان ناسراو بووە و زۆرجار لەسەر ئەرکی و خۆی و بێبەرامبەر یاری و خولەکانی تۆپی پێی بەڕێوەبردووە.