راگەیێنراوێک لە یانەی دهۆکەوە لەبارەی یاریی کۆتایی جامی عێراق

 
رووداو دیجیتاڵ

یانەی دهۆک راگەیێنراوێکی لەبارەی یاریی کۆتایی جامی عێراق، بەرامبەر یانەی زاخۆ بڵاوکردەوە و دەڵێت "لەبەر بەرژەوەندی گشتی دەمانەوێت یارییەکە لە یاریگەی شەعب لە بەغدا بکرێت."
 
یانەی دهۆک لە راگەیێنراوێکدا لەسەر پەیجی فەرمی خۆی نووسیوویەتی" لە کۆبوونەوەی کارگێڕیی یانەی دهۆکدا لەگەڵ عەلی تەتەر، پارێزگاری دهۆک لەسەر چەند خاڵێک وەستاون، هەر یاریگەیەک یەکێتی تۆپی پێی عێراق پێسنیازی کرد ئێمە وەکو یانەی دهۆک هیچ ناڕازیبوونێکمان لەسەری نەبووە و راستەوخۆ قبوڵمان کردووە و هیچ کێشەیەکمان لەسەر."
 
یانەی دهۆک لە بەشێکی دیکەی راگەیێنراوەکەیدا دەڵێت "بڕیاری دەستنیشانکردنی یاریگەی نەورۆز بە سینگێکی فراوانەوە لەلای ئێمەوە وەرگیراوە، بەڵام وەکو دەردەکەوێت کاردانەوەی زۆری لە سۆشیاڵ میدیادا هەبووە و ئەمە ترسی ئەوەی دروستکردووە کە یاریی کۆتایی جامی عێراق لە قاڵبی خۆی دەربکەوێت و بەرەو ئاراستەیەکی دیکە بڕوات و کاردانەوەی خراپی هەبێت، سوپاس بۆ کارگێڕیی یانەی نەورۆز و پارێزگای سلێمانی، بەڵام دیارە یەکێتی تۆپی پێی عێراق بەلایەوە باشترە یارییەکە لە بەغدا بێت بۆ ئەوەی بتوانن بەباشی کۆنتڕۆڵی یارییەکە بکەن، بەتایبەت کە یاریگەی نەورۆز پەڕژینی نزمە و دەبێت ئەمە ببێتە هۆکاری کاری خراپ."
 
دهۆک زیاتر نووسیوویەتی "لە هەموو شتێک گرنگتر پاراستنی گیانی هاندەرانە و بۆ ئێمە ئەمە لە ئەنجامی یارییەکە مەزنترە، بۆیە بەپێی راسپاردەی فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق باشترە یارییەکە لە یاریگەی شەعب لە بەغدا بکرێت لەبەر بەرژەوەندی گشتی و دەمانەوێت دووربین لە هەموو ئاژاوەیەک."