ریال مەدرید، کایسیدۆی کردووەتە ئامانج
رووداو دیجیتاڵ
یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی، هەوڵدەدات گرێبەست لەگەڵ موسیس کایسیدۆی یاریزانی یانەی چێڵسی بکات و سەرنجی زۆری خستووەتە سەر ئەو یاریزانە.
سەرچاوەکانی هەواڵ لە ئیسپانیا و ئینگلتەراوە ئاماژە بەوە دەکەن، یانەی ریال مەدرید بە وردی چاودێری دۆخی کایسیدۆ دەکات، ئەو یاریزانە ناوەڕاستکارە ئیکوادۆرییەی کە بە خێرایی بووەتە یەکێک لە کاریگەرترین یاریزانەکانی چێڵسی.
هەرچەندە کایسیدۆ تاوەکو ساڵی 2031 لەگەڵ چێڵسی گرێبەستی هەیە، بەڵام سەرچاوەکان ئاماژە بەوە دەکەن ریال مەدرید، لەم وەرزەی پریمەرلیگدا بەدواداچوونی بۆ ئاستی ئەو یاریزانە کردووە و بە جێگرەوەیەکی نایاب لە هێڵی ناوەڕاستدا بۆ ساڵانی داهاتوو سەیری دەکات.
کایسیدۆ، لە مانگی یازدەی 2001 لە سانتۆ دۆمینگۆی ئیکوادۆر لەدایکبووە، بەهێزی جەستەیی و توانای وەرگرتنەوەی تۆپ ناسراوە. ئەو تایبەتمەندییانەی وایان لێکردووە بەراورد بکرێت بە باشترین ناوەڕاستکارانی چەق لە ئەورووپا.
دوای دەرکەوتنی لە ئەکادیمیای 'ئیندیپێندێنت'ی ئیکوادۆری، برایتۆن گرێبەستی لەگەڵی کرد و ئاستێکی سەرنجڕاکێشی پێشکەش کرد و سەرنجی یانە گەورەکانی ئەورووپای بو خۆی راکێشا. ساڵی 2023، چێڵسی گرێبەستی لەگەڵ ئەو یاریزانە کرد بەرامبەر 115 ملیۆن پاوەند، بەمەش بوو بە یەکێک لە گرانترین یاریزانەکان لە مێژووی پریمەرلیگدا.
لەدوای گەیشتنیەوە بۆ 'ستامفۆرد بریج'، کایسیدۆ بووەتە یاریزانێکی سەرەکی پڕۆژەی دووبارە بنیاتنانەوەی یانەکە، بە بەردەوامی لەژێر سەرپەرشتی ئینزۆ مارێسکا راهێنەری چێڵسی یاریی کردووە و ئاستێکی جێگیری پێشکەش کردووە.
راپۆرتەکان دەڵێن، کایسیدۆ سەرنجی چاودێرەکانی ریال مەدریدی راکێشاوە. ئەوان بە گونجاوترین یاریزان بۆ هاوەڵیکردنی جود بێلینگهام و فێدریکۆ ڤاڵڤێردی لە هێڵی ناوەڕاستی تیپەکە دەیبینن.
سەرەڕای زیادبوونی خواست لە مەدریدەوە، چێڵسی لەبارەی دۆخەکەوە ئارامە. لە نێوخۆی یانەکە جەخت لەوە دەکەنەوە کە کایسیدۆ بە تەواوی پابەندە بە گرێبەستەکەی و هیچ نیازێک بۆ گفتوگۆکردن لەسەر گواستنەوەی نییە.
لەریال مەدرید، خواستی گواستنەوەی کایسیدۆ هەڵقوڵاوی ستراتیژی درێژخایەنی یانە شاهانەکەیە بۆ نوێکردنەوەی هێڵی ناوەڕاست، بە تایبەتی لە دوای سەردەمی مۆدریچ و کرووس کە تاوەکو ئێستا یانەکە بەدوای جێگرەوەکانیاندا دەگەڕێت و کایسێدۆ بە بژاردەیەکی زۆر باش دەبینێت بەڵام، گواستنەوەی یاریزانەکە ئاسان نابێت، بەتایبەت لەبەر زۆریی تێچووی گرێبەستەکە و گرێبەستە درێژ خایەنەکەی کە تاوەکو ساڵی 2031ە، لە هەمان کاتیشدا چێڵسی هیچ نیازێکی فرۆشتنی یاریزانەکەی نییە.