ئەمڕۆ بەرازیل و ئەرجەنتین بەرامبەر یەکدی یاریدەکەن
رووداو - هەولێر
ئەمڕۆ لە یارییەکی دۆستانەدا یاری سوپەر کلاسیکۆ لە نێوان هەردوو هەڵبژاردەی بەرازیل و ئەرجەنتیندا بەڕێوەدەچێت.
یارییەکە ئەمڕۆ کاژێر 20:00 بە کاتی باشووری کوردستان لە سعودیە بەڕێوەدەچێت و هەردوو هەڵبژاردەش بۆ یارییەکە ئامادەن.
هەڵبژاردەی ئەرجەنتین بۆ ئەم یارییە دەتوانێت سوود لە تواناکانی لیۆنێل مێسی وەربگرێت و ئەو یاریزانە دوای تەواوبوونی ماوەی سڕکردنی لەگەڵ هەڵبژاردەکەی چووەتە سعودیە و بۆ یارییەکە ئامادەیە.
لە هەڵبژاردەی بەرازیلیش تەواوی یاریزانەکان یاریدەکەن جگە لە نەیمار داسێلڤا کە پێکانی هەیە و لەگەڵ هەڵبژاردەی سیلیساو گەشتی نەکردووە.
ئەمە دوایین یاری هەردوو هەڵبژاردە نابێت لە یارییە دۆستانەکاندا، یاری داهاتووی بەرازیل بەرامبەر کۆریای باشوورە و ئەرجەنتینیش لەگەڵ ئوروگوای یاریدەکات.