ڤیدیۆ؛ مێسی سوپەرکلاسیکۆی بۆ تانگۆ یەکلاکردەوە

رووداو-هەولێر

لەدوای دووساڵ، هەڵبژاردەی ئەرجەنتین یاری سوپەرکلاسیکۆی لە هەڵبژاردەی بەرازیل بردەوە.

لە سوپەرکلاسیکۆی دۆستانەی نێوان هەردوو هەڵبژاردەی ئەرجەنتین و بەرازیل کە لە شاری ریازی وڵاتی سعودیە بەڕێوەچوو، هەڵبژاردەی تانگۆ بە گۆڵێکی بێ وەڵام لە هەڵبژاردەی سیلیساوی بەرازیلی بردەوە.

نیوەی یەکەمی یارییەکەدا رووداوی گرنگی تێدابوو، لە خولەکی ١٠ لێدانێکی سزا بۆ بەرازیل هەژمارکرا و گابریێل خیسوس لەدەستیدا، دوای دوو خولەک لیۆنێل مێسی لێدانێکی سزای بۆ ئەرجەنتین بەدەستهێنا و هەر خۆیشی جێبەجێیکرد، بەڵام مێسی سەرکەوتوو نەبوو، ئەلیسۆن گەڕاندییەوە و لە بەختی ئەستێرەکەی بارسا تۆپەکە هاتەوە بەر قاچی لیۆ و کردی بە گۆڵدا، بە گشتی ئەرجەنتین باشتر یاریکرد و لە نیوەی دووەمیشدا چەندین هەلیان بەفیڕۆدا و یارییەکەش بە گۆڵێکی بێ وەڵام لە سوودی تانگۆ کۆتاییهات.

ئەمە یەکەم بردنەوەی ئەرجەنتین بوو بەسەر بەرازیل لەدوای ساڵی ٢٠١٧ـەوە، کە پاش ئەو یارییە بەرازیل دووجار شکستی بە ئەرجەنتین هێناوە.