چوار بەربژێر بۆ شوێنی پێرێز

 
رووداو دیجیتاڵ

دوای ئەوەی دەنگۆی وازهێنانی فلۆرێنتینۆ پێرێز، سەرۆکی یانەی ریال مەدرید بڵاوبووەوە، راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان باس لە ناوی چەند کەسایەتییەک دەکەن بۆ ئەوەی لە شوێنی ئەو لە داهاتوودا ببنە سەرۆکی یانەی ریال مەدرید.
 
راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکانی ئیسپانیا دەڵێن، پێرێز بیر لەوە دەکاتەوە لە داهاتووییەکی نزیکدا واز لە سەرۆکایەتیی ریال مەدرید بهێنێت، بەر لەوە وادەی ویلایەتی دووەمی وەکو سەرۆکی ئەنجوومەنی کارگێڕیی یانەکە لەکاتێکدا لە 2028 وادەی ئێستای کارکردنی تەواو دەبێت.
 
پێرێز لە دوو کاتی جیاواز سەرۆکایەتیی ریال مەدریدی کردووە، یەکەمیان لە 17-7-2000 تاوەکو 27-2-2006 بوو، دووەمیان لە 1-6-2009 تاوەکو ئێستا و بەردەوامە.
 
دوای بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، دەنگۆی زۆر لەبارەی سەرۆکی داهاتووی ریال مەدرید بڵاودەکرێنەوە، راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان ناوی چوار کەسایەتی دەهێنن کە دەکرێت یەکێکیان لە داهاتوودا ببێتە سەرۆکی ریال مەدرید.
 
خۆسێ ئانخێل سانچێز

 
خۆسێ ئانخێل سانچێز، کەسایەتییەکی بەهێز و کاریگەری نێو دامەزراوەی ریال مەدریدە و بەڕێوەبەری جێبەجێکاری یانەکەیە، تەمەنی 58 ساڵە، پەیوەندییەکی بەهێزی لەگەڵ فلۆرێنتینۆ پێرێز هەیە و یەکێکە لەو کەسانەی پێرێز زۆرترین متمانەی پێی هەیە چاوەڕواندەکرێت هەلێکی بەهێزی هەبێت بۆ ئەوەی لە داهاتوودا بچێتە شوێنی فلۆرێنتینۆ پێرێز و ببێتە سەرۆکی ریال مەدرید.
 
ئێمیلیۆ پۆتراگینۆ

 
ئەستێرەیەکی پێشووی ریال مەدریدە و ئێستا بەڕێوەبەری پەیوەندییەکانی دامەزراوەی ریال مەدریدە، کەسایەتییەکی کاریگەر و نزیکی فلۆرێنتینۆ پێرێزە و لەنێو هاندەرانی ریال مەدرید خاوەنی پێگەیەکی بەهێز و جەماوەرییە.
 
پۆتراگینۆ، تەمەنی 63 ساڵە و یەکێکە لەو کەسایەتییانەی دەکرێت لە هەڵبژاردنەکانی داهاتووی یانەکەدا لە 2028 خۆی بۆ سەرۆکایەتیی یانەکە بەربژێر بکات.
 
کریستیانۆ رۆناڵدۆ ئاڤیێرۆ


 
ئەستێرەی بەنێوبانگی پۆرتوگال و پێشووی یانەی ریال مەدرید، پێشتر ویستی خۆی بۆ کارکردن لە کارگێڕیدا لە دوای وازهێنانی لە یارییکردن پێشانداوە، ئێستا لەگەڵ ئەوەی لە یارییکردن بەردەوامە هاوبەشی یانەی نەسڕی سعودییە.
 
دوور نییە رۆناڵدۆی گۆڵکاری مێژوویی ریال مەدرید لە رێگەی سەرۆکایەتیی یانەکەوە جارێکی دیکە بگەڕێتەوە ئەو یانەیە، بەتایبەت کە مێژووییەکی گەورەی لەگەڵ سپی پۆشەکان هەیە و لەلایەن هاندەرانەوە رێزلێگیراوە و پەیوەندییەکی خۆشەویستیی بەهێز لەنێوان ئەو و ریال مەدریددا هەیە.
 
رافایێل نادال
 

ئەستێرەی بەنێوبانگی یاریی تێنس، هاندەرێکی سەرسەختی یانەی ریال مەدریدە و بەردەوام لەنێو پەیژەکانی یاریگەی سانتیاگۆ بێرنابیۆ دەبینرێت و پەیوەندییەکی زۆر بەهێزی لەگەڵ فلۆرێنتینۆ پێرێز هەیە.
 
نادال دەکرێت یەکێک لەو کەسایەتیانە بێت کە لە 2028 خۆی هەڵبژێرێت، بەتایبەت کە پێشتر رایگەیاندبوو، دەیەوێت رۆژێک لە رۆژان وەکو بەرپرسێکی ریال مەدرید پۆست وەربگرێت.