لامین یامال پەیامێکی ئاگرین سەبارەت بە مێسی ئاراستەی بارسێلۆنا دەکات
رووداو دیجیتاڵ
راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان ئاشکرایان کردووە کە لامین یامال، ئەستێرەی یانەی بارسێلۆنا، پەیامێکی یەکلاکەرەوەی ئاراستەی کارگێڕیی یانە کەتەلۆنییەکە کردووە سەبارەت بەخواستی بەهێزی بۆ بەشداریکردن لە رووبەڕووبوونەوەی هەڵبژاردەی ئیسپانیا بەرامبەر ئەرجەنتین لە پاڵەوانێتی فاینالیسیما.
ئەو جەختی لە دوورکەوتنەوەی خۆی لەو ناکۆکیانە کردووەتەوە کە لەم دواییانەدا لە نێوان یانەکە و یەکێتیی تۆپی پێی ئیسپانیادا سەریانهەڵداوە و رێگەیان بە یاریزانەکە نەداوە بەشداری لە کەمپی ئێستا و رابردوودا بکات.
لە ماوەی رابردوودا ناکۆکییەکی تووند لە نێوان بارسێلۆنا و یەکێتیی تۆپی پێی ئیسپانیا سەریهەڵدا، ئەمەش دوای ئەوەی لامین یامال لە کاتی بوونی لەگەڵ هەڵبژاردەکە تووشی پێکان بوو. ئەمەش تووڕەیی بەرپرسانی یانە کەتەلۆنییەکەی لێکەوتەوە، کە پێیانوابوو ستافی هونەریی هەڵبژاردەی ئیسپانیا بەسەرۆکایەتی دی لافوێنتێ بەئەنقەست یاریزانەکەی بە پێکانییەوە بەشداری پێکردووە.
یەکێتیی تۆپی پێی ئیسپانیا لەم دواییانەدا تووڕەیی و سەرسامی خۆی دەربڕی سەبارەت بە راگەیاندنی یانەی بارسێلۆنا بۆ دوورکەوتنەوەی لامین یامال لە یاریگەکان، تەنیا چەند رۆژێک پێش دەستپێکردنی کەمپی هەڵبژاردەکە بەهۆی هەبوونی پێکان لە ناوچەی حەوزیدا، بەبێ ئەوەی یەکێتییەکە پێشتر ئاگادار کرابێتەوە.
بەگوێرەی ئەو راپۆرتەی رۆژنامەی ئەی ئێسی ئیسپانی، یامال بە کارگێڕیی بارسێلۆنای راگەیاندووە کە دەیەوێت بەبێ هیچ مشتومڕ و کێشەیەک لەگەڵ هەڵبژاردەی نیشتمانی لە یاریی فاینالیسیمای داهاتوودا بەشداری بکات و بەرمبەر لیۆنێل مێسی یاری بکات، کە بە نموونەی باڵای خۆی دەزانێت.
راپۆرتەکە ئەوەشی خستووەتەڕوو "یاریزانەکە هەست دەکات لە ناوەڕاستی ململانێیەکدایە کە هیچ پەیوەندییەکی پێوە نییە، و هەموو ئەوەی دەیخوازێت ئەوەیە کە لە زووترین کاتدا چاکبێتەوە و بەبەرزترین ئاستی یاری بکات".
بۆ هێورکردنەوەی دۆخەکە، سەرۆکی یەکێتیی تۆپی پێی ئیسپانیا، رافایل لۆزان، رۆژی دووشەممە پەیوەندی بە جێگری سەرۆکی بارسێلۆنا، ئەلێخاندرۆ ئیچیڤاریا کرد بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان. چاوەڕوان دەکرێت لۆزان بەم زووانە چاوی بە خوان لاپۆرتا بکەوێت بۆ کۆتاییهێنان بە کێشەکە بۆ هەمیشە.
چاوەڕوان دەکرێت هەڵبژاردەی ئەرجەنتین لە 27ـی ئاداری 2026 رووبەڕووی هەڵبژاردەی ئیسپانیا ببێتەوە لە پاڵەوانێتی فاینالیسیما، و لەم یارییەدا کێبڕکێیەکی تایبەت لەنێوان لیۆنێل مێسی و لامین یامالدا دەبێت.