یانەی شەقڵاوە گرێبەست لەگەڵ راهێنەرە فریادڕەسەکە دەکات
رووداو دیجیتاڵ
یانەی شەقڵاوە بۆ وەرزی نوێی خولی پلە یەکەکانی کوردستان، گرێبەستی لەگەڵ رەفیق سەعیدی راهێنەر واژۆکرد، کە بە راهێنەری فریادڕەس ناسراوە و لە کاتی تەنگانەدا یانەکان رزگاردەکات. ئەو بە رووداو سپۆرتسی گوت "دەمەوێت ئەو تیپە بگەڕێنمەوە خولی نایابی کوردستان".
یانەی شەقڵاوە، وەرزی رابردوو لە خولی نایابی کوردستان، بە دۆخێکی خراپی دارایی و ئەنجامدا تێپەڕی، یانەکە لە کۆی یارییەکانی وەرزی رابردوودا خاوەنی 16 یەکسانبوون بوو، ئەمەش وایکرد بە پلەی 13 کۆتایی بە وەرزەکەی بهینێت و داببەزێت بۆ ریزی خولی پلە یەکەکانی کوردستان.
رەفیق سەعید، راهێنەری یانەی شەقڵاوە بە رووداو سپۆرتسی راگەیاند "ئامانجی من و تیپەکەم یەکە، دەمانەوێت بگەڕێینەوە خولی نایاب، یانەکەم پاڵپشتی تەواوی کردووم و دەمانەوێت یانەکە بگەڕێنینەوە شوێنی شایستەی خۆی، بەڵام ئەوە پێویستی بەکارکردنی بەردەوام هەیە و دەبێت بە یەک دەست هەوڵ بدەین ئەو ئامانجە بەدی بهێنین".
ئەم راهێنەرە بەوە ناسراوە، کە بچێتە هەر تیپێک لە دابەزین رزگاری دەکات یاخود لە خولی پلە یەکەکان سەری دەخاتەوە بۆ نایاب، وەک ئەزموونەکەی لەگەڵ یانەی سۆران، کاتێک رەفیق سەعید بووە راهێنەر، تیپەکەی لە خولی پلە یەکەکانەوە سەرخستەوە بۆ نایابی کوردستان و وەرزی رابردووش ئەرکی مەشقدانی یانەی چوارقوڕنەی وەرگرت و یانەکە لە 14ـی ریزبەندی خولی نایابی کوردستان بوو و توانی تیپەکە لە خولی نایابی کوردستاندا بهێڵێتەوە.