مۆدریچ لە تەمەنی 40 ساڵیدا مێژووی نووسییەوە

رووداو دیجیتاڵ
دوای بردنەوەیان لە دوورگەکانی فارۆ، کرواتیا بە سەرکردایەتیی لوکا مۆدریچ گەیشتنە مۆندیالی 2026.
 
لە درێژەی پاڵاوتنەکانی ئەورووپا بۆ گەیشتن بە مۆندیالی 2026، هەڵبژاردەی کرواتیا لە یارییەکی یەکلاییکەرەوەدا رووبەڕووی هەڵبژاردەی دوورگەکانی فارۆ بووەوە و تەنیا پێویستی بە یەکسانبوونێک بوو بۆ ئەوەی گەیشتنی بە مۆندیالی داهاتوو مسۆگەربکات.
 
یارییەکە لە شاری ریێکای کرواتیا بەڕێوەچوو، لوکا مۆدریچ بەشێوەیەکی سەرەکی یاریکرد و توانی سەرکردایەتی هەڵبژاردەکەی بکات بۆ بردنەوەیەکی گرنگ بەئەنجامی 3-1 لە هەڵبژاردەی دوورگەکانی فارۆ و خاڵەکانی هەڵبژاردەکەی گەیاندە 19 خاڵ، بەوەش ریزبەندی یەکەمی کۆمەڵەکەی یەکلاییکردەوە.
 
هەڵبژاردەی کرواتیا پێش لوکا مۆدریچ، تەنیا 2 جار گەیشتبووە مۆندیال، بەڵام دوای دەستپێکردنی کاروانی وەرزشیی مۆدریچ، ئەو هەڵبژاردەیە توانی 5 جار بگاتە مۆندیال.
 
لوکا مۆدریچ لە ساڵی 2018 توانی لەگەڵ هەڵبژاردەی کرواتیا، بۆ یەکەمجار لە مێژووی ئەو هەڵبژاردەیە بگاتە یاریی کۆتایی مۆندیال و لە ساڵی 2022، پلەی سێیەمی مۆندیالی بەدەستهێنا، کرواتیا لەگەڵ ئەودا لە ساڵی 2023، پلەی دووەمی نەیشینسلیگیشی بەدەستهێنا.
 
مۆدریچ، لە ساڵی 2018 باڵۆندۆری بەدەستهێنا و یەکەم یاریزان بوو زنجیرە باڵۆندۆرە یەک لە دوای یەکەکانی رۆناڵدۆ و مێسی بشکێنێت، ئەو ئێستا تەمەنی 40 ساڵە و لە ئەی سی میلان یاریدەکات، پێشبینی دەکرێت ساڵی داهاتوو لە دوایین مۆندیالی خۆی بەشداربێت.