بارسێلۆنا 4 یاریزانی بایرن و دۆرتموندی دەوێت

رووداو دیجیتاڵ
بەپێی سەرچاوەیەکی کەتەلۆنی، بارسێلۆنا چاودێری 4 ئەستێرەی بایرن میونشن و بۆرووسیا دۆرتموند دەکات.
 
بەپێی سەرچاوەیەکی کەتەلۆنی، یانەی بارسێلۆنا بۆ بەهێزکردنی پێکهاتەکەی، چاوی بڕیوەتە چەند یاریزانێکی خولی ئەڵمانی و ئەو یانەیە بە وردی چاودێرییان دەکات.
 
ئەو سەرچاوەیە خستییەڕوو، بارسێلۆنا بۆ بەهێزکردنی هێڵی بەرگری، پلانی داناوە بۆ گواستنەوەی دڵێکی بەرگری و دەیەوێت وەرزی داهاتوو، دایۆت ئوپامیکانۆ، ئەستێرەی بایرن میونشن، یان نیکۆ شلۆتێربێک، ئەستێرەی بۆرووسیا دۆرتموند بگوازێتەوە ریزەکانی.
 
ئوپامیکانۆ لە کۆتایی ئەم وەرزەدا، گرێبەستەکەی لەگەڵ بایرن میونشن کۆتاییدێت، ئەو یاریزانە لەم وەرزەدا بە ئاستێکی نایابەوە دەرکەوتووە و بایرن لە هەوڵدایە بۆ نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی، بەڵام بەپێی سەرچاوە ئەڵمانییەکان، ئەو یاریزانە تاوەکو ئێستا ئامادە نەبووە بۆ ئەوەی گرێبەستەکەی نوێبکاتەوە.
 
شلۆتێربێک گرێبەستەکەی لەگەڵ یانەی بۆرووسیا دۆرتموند، لە ساڵی 2027 کۆتاییدێت، داهاتووی ئەو ئەستێرەیە روون نییە و سەرچاوە ئەڵمانییەکان ئەوەیان خستووەتەڕوو کە شلۆتێربێک لە شێوازی بیرکردنەوەی دۆرتموند رازی نییە و دەیەوێت نازناوی گەورە بباتەوە و پێیوایە لە حاڵی ئێستای تیپەکە، بردنەوەی نازناو سەختە، سەرەڕای ئەوەش یانەی بۆرووسیا دۆرتموند ئەو یاریزانەیان کردە کاپتنی یەکەمی یانەکە، بەڵام تاوەکو ئێستاش دیارنییە ئەو یاریزانە لە یانە ئەڵمانییەکە بەردەوام دەبێت یان نا.
 
بەپێی هەمان سەرچاوەی کەتەلۆنی، بارسێلۆنا لە هەوڵدایە بۆ دۆزینەوەی شوێنگرەوەیەک بۆ سەرەڕمی یانەکە، رۆبێرت لیڤاندۆڤسکی، کە پێشبینیدەکرێت وەرزی داهاتوو، ریزەکانی یانەکە جێبهێڵێت، ئەو یانەیە بۆ بەهێزکردنی هێڵی پێشەوەی، چاودێریی هاری کەین، هێرشبەری بایرن میونشن و سێرهۆو گێراسی، هێرشبەری بۆرووسیا دۆرتموند دەکات.
 
هاری کەین لەم وەرزەدا، لە 15 یاریدا بەشداری لە 25 گۆڵ کردووە و بە ئاستە نایابەکەی، یارمەتیدەر بووە بۆ ئەوەی یانەی بایرن میونشن لە پلەی یەکەمی بۆندیسلیگا و چامپیۆنزلیگ بێت، ئەو یاریزانە مەرجێک لە گرێبەستەکەی هەیە، رێگە دەدات بە 50 ملیۆن یۆرۆ، ریزەکانی یانەکە جێبهێڵیت، یانەی بارسێلۆناش بیر لەوە دەکاتەوە، ئەو هەلە بقۆزێتەوە و ئەستێرە ئینگلیزییەکە بباتە ریزەکانی.
 
سێرهۆو گێراسی، ئەستێرەی بۆرووسیا دۆرتموند، وەرزی رابردوو توانی خەڵاتی گۆڵکاری چامپیۆنزلیگ بباتەوە و بە ئاستە نایابەکەی هەمووانی سەرسامکردبوو،لەم وەرزەدا، لە 15 یاریدا، بەشداری لە 10 گۆڵ کردووە و تووشی رەخنەیەکی زۆری هاندەرانی یانە ئەڵمانییەکە بووەتەوە و یانەکە بیر لە فرۆشتنی دەکاتەوە.