ئێرلینگ هالاند و 70 چیسبەرگەر



رووداو دیجیتاڵ

دوای بردنەوەی نەرویج بەرامبەر ئیستۆنیا، ئێرلینگ هالاند و ستافێکی تیپەکە بە 70 ژەم بەرگرەوە خۆیان خستە ژووری جلگۆڕینی هەڵبژاردەکەوە، ئەمەش سەرنجی زۆری رۆژنامەڤانان و هاندەرانی بۆخۆی راکێشا.
 
نەرویج بەئەنجامی 4-1 لە ئیستۆنیای بردەوە و بەشێوەیەکی کردەیی گەیشتە مۆندیالی 2026. تەنیا دۆڕانێکی گەورە بەرامبەر ئیتاڵیا بە زیاتر لە 9 گۆڵ، دەیانخاتە قۆناخی پاشکۆ، کە ئەمەش بۆ ڤایکینگەکان نزیکە لە مەحاڵ.
 
ئێرلینگ هالاند، ئەستێرەی یارییەکە بوو کە دوو گۆڵی تۆمارکرد و ژمارەی گۆڵەکانی ئەم وەرزەی گەیاندە 30 گۆڵ. ئەلێکساندەر سۆرلۆس، هێرشبەری ئاتلێتیکۆ مەدرید، دوو گۆڵی دیکەی بۆ تیپەکەی ستال سۆلباکنی راهێنەری هەڵبژاردەکە تۆمارکرد.
 
خاڵە سەرنجراکێشەکە دوای یارییەکە بوو، کاتێک کامێراکان هالاند و ئەندامێکی ستافی هەڵبژاردەکەیان بینی، نزیکەی 70 ژەم چیسبەرگریان هەڵگرتبوو و بەرەو ژووری جلگۆڕین دەچوون بۆ ئەوەی بەسەر یاریزاناندا دابەشی بکەن.
 
ساندەر بێرگ، یەکێک لە هاوتیپەکانی هالاند، بە بینینی وێنەکە گاڵتەی کرد و گوتی "ئاستێکی نایاب لە کاپتنەوە".
 
هالاند لە چوار یاریی رابردووی یانە و هەڵبژاردەکەیدا گۆڵی تۆمارکردووە و لە باشترین ئاستی ژیانی وەرزشیدایە و دەڵێت "هەست دەکەم ئەمە باشترین ئاستی منە. هەرگیز لەوە باشتر نەبووم".
 
هەروەها هالاند پەسنی پێپ گواردیۆلای دا و گوتی "ئەو کەسێکی بلیمەتە. هۆکارێک هەیە زۆر شتم بردووەتەوە و ئەوەش بەهۆی گرنگی پێدانی پێپ گواردیۆلایە بە من. تەنیا سەیری هەموو ئەو شتانە بکە کە لەگەڵ ئەم یانەیە و لە سەرانسەری ژیانی وەرزشیدا بەدەستی هێناوە – ئەوە نایابە. دەبێت گوێی لێ بگرین: ئەو پێمان دەڵێت چی بکەین و چۆن یاریی بکەین. دەبێت بەرزترین ئاستمان پێشکێش بکەین، چونکە ئەو شایستەی ئەوەیە".