کاردانەوەکانی دوای وازهێنانی سێرجیۆ ئەگوێرۆ

رووداو دیجیتاڵ

 

سێرجیۆ ئەگوێرۆ، یاریزانی ئەرجەنتینیی یانەی بارسێلۆنای ئیسپانی، بەناچاری وازهێنانی خۆی لە یاریکردن راگەیاند، کە بەهۆی دروستبوونی کێشەیەک لە لێدانەکانی دڵیدا، لە لایەن پزیشکانەوە هۆشداری پێدرا کە نابێت جارێکی دیکە یاری بکاتەوە.
 
وازهێنانی سێرجیۆ ئەگوێرۆی یاریزانی پێشووی یانەی مانچێستەر سیتی ئینگلیزی، کاردانەوەیەکی زۆی بەدوای خۆیدا هێنا و چەندین راهێنەر، یاریزان و یانە بەنێوبانگەکانی جیهان، پەیامی هاوسۆزی و پشتیوانیان بۆ کۆن ئەگوێرۆ نارد و هیوایان خواست دوور لە یاریگەکانی تۆپی پێ، ژیانێکی خۆش بەسەرببات.
 
لیۆنێل مێسی، کاپتنی هەڵبژاردەی ئەرجەنتین و ئەستێرەی یانەی پاریس سانجێرمانی فەرەنسی،  کە یەکێکە لە نزیکترین هاوڕێکانی ئەگوێرۆ، لە پەیامێکدا بۆی نووسیوە "هاوڕێکەم زۆر خۆشم دەوێیت، زۆر بیری ئەو رۆژانە دەکەم کە پێکەوە یاریمان دەکرد، ئێستا قۆناخێکی نوێ لە ژیانتدا دەستپێدەکات و من دڵنیام کە تۆ بە دڵێکی پڕ لە خۆشی و بە پێکەنینەوە بەسەردەبەی".
 
یۆرگن کڵۆپ، راهێنەری یانەی لیڤەرپوولیش، لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانیدا، لەبارەی ئەگوێرۆیەوە گوتی "زۆر نیگەرانم بۆ سێرجیۆ ئەگوێرۆ، من هەست بەوە دەکەم کە ئەو ئێستا ئەو هەستی پێدەکات، دەزانم تووشی شۆک بووە، من ئەگوێرۆ لە نزیکەوە ناناسم، بەڵام ئەو کاریگەرییەکی سەرسوڕهێنەری بەسەر پرێمەرلیگ و تۆپی پێوە هەبوو".
 
یانەی ریال مەدریدی ئیسپانیش لە پەیامێکدا، کە بۆ ئەگوێرۆی ناردووە دەڵێت "تۆ یەکێک بووی لە باشترین یاریزانانی جیهان، بە هیوای بەختێکی باش بۆ خۆت و خانەوادەکەت".
 
رۆبێرتۆ مانچینی، کە لە مانچێستەر سیتی راهێنەری ئەگوێرۆ بوو، بە بۆنەی وازهێنانی یاریزانی ئەرجەنتینی، دەڵێت "بەڕاستی هەست بە دڵتەنگی دەکەم بۆ ئەگوێرۆ، بەداخەوە کە ناچار دەبی لە تەمەنێکی کەمدا واز لە یاریکردن بێنی، بەڕاستی ئەو نایاب بوو".
 
ئینێستای ئەستێرەی ئیسپانیش پەیامی بۆ کۆن هەبووە و نووسیویەتی "بۆ من جوان بوو کە کاروانی سەرسوڕهێنەری تۆ ببینم، زۆر دڵخۆش بووم کە رکابەری تۆ بووم، هیوادارم سەرکەوتوو بیت".
 
پەیامی سێرخیۆ رامۆسیش بۆ ئەگوێرۆ بەمشێوەیە بوو "خۆشەویستم ئەگوێرۆ، ئەمە نادادپەروەریترین بارودۆخە، پیرۆزە کاروانە پیشەگەرییە جوانەکەت".
 
دی برۆینیش بە ئەگوێرۆ دەڵێت "تۆ یەکێک بووی لە باشترین یاریزانانی جیهان، هیوای سەرکەوتنت بۆ دەخوازم لە داهاتوودا، ئەفسانە، بەمنزیکانە دەتبینمەوە".
 
بایرن میونشنی ئەڵمانی یەکێک بوو لەو یانانەی پەیامیان بۆ ئەگوێرۆ ناردووە، کە تێیدا هاتووە "کاروانێکی سەرسوڕهێنەر بوو، بەداخەوە کە گەیشتە کۆتاییەکەی، هیوای سەرکەوتنت بۆ دەخوازین لە داهاتوودا".
 
سۆفی، کچە هاوڕێی ئەگوێرۆ، لە پەیامێکی پڕ لە سۆز و خۆشەویستیدا بۆ خۆشەویستەکەی نووسیوە "قۆناخێک کۆتاییهات و قۆناخێکی جوان بەردەوام دەبێت، تۆ جادووگەری، چونکە توانیت ساڵانێکی زۆر بۆ ئەو کارە تەرخان بکەی کە خۆشت دەوێت، ساتێکی دیکە دەستپێدەکات و یاوەریت دەکەم و زیاتر لە هەر کاتێک دەستت دەگرم.. خۆشم دەوێیت".