رۆناڵدۆ لە بەهەشت دەژی

رووداو دیجیتاڵ

 

میدیای ئەوروپا کەوتوونەتە سۆراخکردنی شوێنی ئێستای ژیانی کریستیانۆ رۆناڵدۆ لە سعودیە، دەڵێن لە شوێنێک دەژی وەک ئەوەی بەهەشتێک بێت لەسەر زەوی.
 
رۆژنامەکانی بەریتانیا دەڵێن "ئەوەی ئێستا رۆناڵدۆ تێیدا دەژی لە سعودیە، لە پاشا پاشاترە". 
 
ئەو سەرچاوانە دەشڵێن "بۆمان دەرکەوتووە کریس لە هوتێلی فۆر سیزن لە تاوەری سعودیە نیشتەجێبووە، کە گەورەترین و بەرزترین باڵەخانەیە لە وڵاتەکەدا و لە 99 نهۆم پێکهاتووە".
 
رۆناڵدۆ سویتێکی تایبەت یان بەشێکی تایبەتی هوتێلەکەی بۆ خۆی و ماڵ و منداڵ و هاوڕێ و پاسەوان و بەردەستەکانی گرتووە.
 
وەک ئەو سەرچاوانە باسی دەکەن، کریس و تیمەکەی 17 ژووری هوتێلەکەیان گرتووە و بە ئارەزووی خۆیان تێیدا دێن و دەڕۆن.
 
رۆژنامەکانی بەریتانیا دەڵێن "کریس بۆ ماوەی مانگێک ریسیڤی شوێنەکەی گرتووە، گرانترین شوێنی نیشتەجێبوونە لە سعودیە و گەرچی نرخەکەیمان پێوەرنەگیراوە، بەڵام ئەو شوێنەی رۆناڵدۆ، لە پاڵ شوێنێکی دیکەدایە کە پێیدەڵێن سویتی سەرۆکایەتی و شەوی هەر ژوورێکی تەنیا بە 3300 پاوەندە".
 
هەروەها دەشڵێن "ئەو شوێنەی کریس و جۆرجینا تیادا نیشتەجێن، خواردنەکانی تایبەت لە چین، ژاپۆن، هیندستان و رۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە بە فرێشی دەهێنرێن و هەرچی داوا بکەی بە چاوتروکانێک ئامادە دەبێت". 
 
سەرچاوەکان زیاتر دەڵێن "کارگێڕیی هوتێلەکە بە شێفەکانی گوتووە، کریس و نزیکەکانی هەرچییان گوت، دەستبەجێ بۆیان ئامادە بکەن، بەڵام نەچن لەگەڵ هەر داواکاری و دەرکەوتنێکی ئەواندا بڵێن تکایە با سێڵفییەک پێکەوە بگرین، سێڵفی گرتن تەنانەت لەگەڵ شۆفێرەکانی رۆناڵدۆش قەدەخەیە".