"پێرێز زۆر لە دۆڕانەکەی بەرامبەر پاریس تووڕەیە و گۆڕانکاری دەکات"
رووداو دیجیتاڵ
دوای ئەو دۆڕانەی بەرامبەر یانەی پاریس سانجێرمانی فەرەنسی لە یاریی چوونی قۆناخی شازدەی چامپیۆنزلیگ تووشیان بوو، سەرۆکی یانەی ریال مەدرید دەیەوێت گۆڕانکاری لە تیپەکەیدا بکات.
میدیای ئیسپانیا لە پێشهاتێکی نوێدا دەڵێت " فلۆرێنتینۆ پێرێز، سەرۆکی یانەی ریال مەدرید بیر لە دوورخستنەوەی کارلۆ ئەنچێلۆتی، راهێنەری یانەکەی دەکاتەوە لە هاوینی داهاتوودا."
بەپێی دوایین زانیارییەکان، کارگێڕیی یانەی ریال مەدرید هەست بە نیگەرانییەکی زۆر دەکات، بەهۆی ئەو ئاستە خراپەی تیپەکەیان لە یاریی شەوی سێشەممەدا بەرامبەر پاریس سانجێرمان پێشکێشکرد و یارییەکەیان دۆڕاند، بەمەش پێرێز و ئەندامانی یانەکە گەیشتوونەتە ئەو بڕوایەی کە هیچ رێگەیەکی دیکەیان نییە تاقیبکەنەوە، تەنیا گۆڕانکاری نەبێت.
ئەو نا ئومێدییەی لەلایەن پێرێزەوە دروستبووە، جاری یەکەم نییە لەم وەرزەدا روودەدات، لەکاتێکدا لە یاریی کلاسیکۆی بەرامبەر یانەی بارسێلۆناش لە جامی سوپەری ئیسپانیادا، هەرچەند یارییەکەیان بردەوە، بەڵام سەرۆکی یانەی شاهانە بەهۆی خراپی تیپەکەیەوە هەستی بە نیگەرانی کرد و ناڕازی بوو لە ئاستی یانەکەی.
ریال مەدرید لە یاریی چوونی قۆناخی 16ـی چامپیۆنزلیگ ئاستێکی خراپی بەرامبەر پاریس سانجێرمان پێشکێشکرد، بەدرێژایی یارییەکە یەک لێدانیان بۆ گۆڵ نەبوو و 0-1 یارییەکەیان دۆڕاند.
دوای یارییەکە کارلۆ ئەنچێلۆتی گوتی "من گەشبینم سەرەڕای ئەوەی پێویستە لەسەرمان لە یاریی گەڕانەوەدا بە ئاستێکی بەرزەوە یاری بکەین، پێویست بە دڵەڕاوکێ ناکات سەبارەت بەو گۆڵەی لە دەرەوەی یارگەی خۆماندا لێمان کراوە، بێگومان ئەو سەرکەوتنە چەکێکە بەدەستی پاریسەوە، بەڵام هیوادارم بەس نەبێت بۆ سەرکەوتنیان".
یاریی گەڕانەوەی نێوان هەردوو یانە رۆژی 9ـی ئادار لە یاریگەی سانتیاگۆ بێرنابیۆ بەڕێوەدەچێت.