ئامەدسپۆر راهێنەرەکەی دوورخستەوە
رووداو دیجیتاڵ
یانەی ئامەدسپۆر بەشێوەیەکی فەرمی دوورخستنەوەی سینان کالۆگلو، راهێنەری یانەکەی راگەیاند و بە دوای راهێنەرێکی نوێدا دەگەڕێت.
دوای یەکسانبوونی بەرامبەر یانەی ساکاریاسپۆر، لەو یارییەدا کە 30 هەزار هاندەر تێیدا ئامادەبوون و لە یاریگەی ئامەدسپۆر بەڕێوەچوو، یانەی ئامەدسپۆر دەستبەرداری راهێنەرەکەی بوو.
ئامەدسپۆر لە راگەیێنراوێکی فەرمیدا دەڵێت "دوای ئەوەی کۆبوونەوەیەکمان ئەنجامدا، یانەکە بڕیاریدا دەستبەرداری سینان کالۆگلو، راهێنەری تیپەکە و ستافی راهێنەران ببێت."
یانەکە نووسیوویەتی "سوپاسی سینان کالۆگلو و تیمەکەی دەکەین بۆ ئەو کارەی لە ماوەی رابردوودا کردوویانە و هیوای سەرکەوتنیان بۆ دەخوازین لە ژیانی داهاتوویاندا."
سینان لە 17 یارییدا سەرپەرشتی مەشقدانەوەی ئامەدسپۆری کرد، 10 یاریی بردەوە، لە 4 یارییدا یەکسانبوو و 3 جار دۆڕاوە، بەڵام ویستی ئامەدسپۆر گەیشتنە بە سوپەرلیگ بۆیە دەیەوێت تیپەکەی هێشتا باشتر و بەهێزتر بکات.
بەپێی زانیارییەکانی رووداو سپۆرتس، تاوەکو دۆزینەوەی راهێنەرێکی بەتوانا، تیپەکە لەلایەن راهێنەری کاربەڕێکەرەوە سەرپەرشتی دەکرێت، چەند ناوێک لە پلانەکانی یانەکەدان و کار بۆ هەڵبژاردنی باشترین بژاردە دەکات.
هاندەرانی یانەی ئامەدسپۆر بە دڵگەرمییەکی زۆرەوە چوونە یاریگە، بەڵام بە دڵتەنگییەوە گەڕانەوە، کاتێک یانەکەیان دوو خاڵی لەنێو یاریگە و هاندەرانیدا لەدەستدا، بەشێکی هاندەران هەر زوو داوای دوورخستنەوەی سینان کالۆگلو، راهێنەری یانەکەیان دەکرد، بەشێکی دیکەشیان دەڵێن "بەمشێوەیە یانەکە ناتوانێت رکابەری لەسەر گەیشتن بە سوپەرلیگ بکات."