بارسێلۆنا.. لە دۆڕانێکی گەورەوە بۆ رکابەریکردن لەسەر پێشەنگی لالیگا
رووداو دیجیتاڵ
بە ئامانجی قەرەبووکردنەوەی دۆڕانە گەورەکەی بەرامبەر ئاتلێتیکۆ مەدرید و گەڕانەوە بۆ پێشەنگی ریزبەند، بارسێلۆنا بەرامبەر جیرۆنا یاریی دەکات و رافینیاش دەگەڕێتەوە.
کاژێر 23:00 لە دوایین یاریی گەڕی 24ـی لالیگا، یانەی بارسێلۆنا لە دەرەوەی یاریگەی خۆی بەرامبەر جیرۆنا یاریی دەکات و دەیەوێت ئەو دۆڕانە گەورەیە لە بیر هاندەرانی بباتەوە، کە لە قۆناخی پێشکۆتایی جامی شای ئیسپانیا بەرامبەر ئاتلێتیکۆ مەدرید تووشی بوو و بە چوار گۆڵی بێبەرامبەر دۆڕا.
جگە لەوەش ریال مەدرید دوای بردنەوەی لە ریال سۆسیداد بەشێوەیەکی کاتی چووە پێشەنگی ریزبەندی خولەکە و بارسا پێویستی بەبردنەوەیە بۆ ئەوەی بگەڕێتەوە شوێنی ئاسایی خۆی.
بەر لە یارییەکە، رافینیا بەشێوەیەکی ئاسایی بەشداریی لە مەشقە بە کۆمەڵەکانی یانەکەدا کرد و ئەگەری هەیە ئەمشەو چەند خولەکێک بەشداری لە یارییەکەدا بکات، ئەمە بۆ هاندەرانی بلاوگرانا هەواڵێکی خۆشە.
هاوشێوەی یارییەکانی رابردوو، مارکۆس راشفۆرد و پێدری بەهۆی پێکانەوە بەشداری لە یارییەکەدا ناکەن.
جیرۆنا لە شەش یاریی رابردوودا تەنیا یەک یاریی دۆڕاندووە، یانەکە رکابەری لەسەر ئەوە دەکات زیاتر لە پلەکانی دواوەی ریزبەندی خولەکە دووربکەوێتەوە، بۆ ئەوەش چاوی لەوەیە سوود لە یاریگە و هاندەرانی وەربگرێت.