مۆرینیۆ یاریزانانی ریال مەدرید تووڕە دەکات: ئەوان بریندارن
رووداو دیجیتاڵ
جۆزێ مۆرینیۆ، راهێنەری یانەی بێنفیکا، پێشوەختە چاوەکانی بڕیوەتە رووبەڕووبوونەوە چاوەڕوانکراوەکەی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەورووپا بەرامبەر ریال مەدرید و هەر لە ئێستیاوە دەیەوێت تووڕەیان بکات.
بڕیارە سێشەممە، یانەی بێنفیکا لە یاریگای نور میوانداریی ریال مەدرید بکات، لە چوارچێوەی یاریی چوونی پاشکۆی گەیشتن بۆ قۆناخی 16ـی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەورووپا.
جۆزێ مۆرینیۆ دوای بردنەوەی یانەکەی لە سانتا کلارای لە خولی پۆرتوگالیدا، هەوڵیدا یاریزانانی ریال تووڕە بکات بۆ ئەوەی بەهەڵچوونەوە یاری بکەن و گوتی "ئەوان ئێستا بریندارن، پاشای برینداریش هەمیشە مەترسیدارە".
بێنفیکا سەرکەوتنێکی نوێی لە خولی پۆرتوگالیدا بەدەستهێنا، دوای ئەوەی بە گۆڵەکانی باڤلیدیس و پاولۆ ڤیتۆر (بە هەڵە لەخۆیان کردەوە) لە یانەی سانتا کلارای بردەوە. بەم سەرکەوتنەش بێنفیکا دووەم بردنەوەی لەسەریەکی تۆمارکرد و پێگەی خۆی لە کێبڕکێی بەدەستهێنانی نازناوی خولەکەدا بەهێزترکرد.
ئێستا بێنفیکا لە پلەی سێیەمی ریزبەندییە و تەنیا ٤ خاڵ لە پۆرتۆی پێشەنگەوە دوورە، بەڵام یارییەکی زیاتری ئەنجامداوە. تیپە پۆرتوگالییەکە بەورەیەکی بەرزەوە دەچێتە ناو ئەم رووبەڕووبوونەوە یەکلاکەرەوەیە بەرامبەر ریال مەدرید، کە یانە ئیسپانییەکە لەسەر کاخەز وەک بەربژێر بۆ بردنەوە دەبینرێت.
سەرەڕای بردنەوەکەیان لە سانتا کلارا، مۆرینیۆ دەستبەرداری خووەکەی نەبوو لەرەخنەگرتن لە ناوبژیوان و لە لێدوانێکدا بۆ رۆژنامەی سپۆرت، گوتی "بەشایستەیی سەرکەوتنمان بەدەستهێنا".
لە درێژەی قسەکانیدا گوتی "لەوانەیە یارییەکە بەجۆرێکی دیکە بووایە؛ هەندێک سات هەبوون دەیانتوانی ئەنجامەکە بگۆڕن، بەڵام زۆر زەحمەتە لێدانی سزا بۆ بێنفیکا هەژمار بکرێت".
سەبارەت بە پێکانەکەی تۆماس ئاراوخۆ لە ئەژنۆی راستیدا، راهێنەرە پۆرتوگالییەکە رایگەیاند کە پێکانەکەی جێگەی نیگەرانی نییە.
مۆرینیۆ ئاماژەی بەوەش کرد "یارییەکی سەختمان بەرامبەر ریال مەدرید لەپێشە، من زۆر راهاتووم لەسەر ئەم جۆرە یارییە یەکلاکەرەوانە و بەدرێژایی ژیانی وەرزشیم ئەزموونم کردوون".
لە کۆتاییدا سپێشەڵ وەن گوتی "زۆرجار خەڵک وا بیردەکەنەوە کە پێویستت بەئەنجامێکی دیاریکراوە لە یاریی چووندا هەیە، بەڵام من دەڵێم هیچ ئەنجامێک کۆتایی نییە. ئێمە لە گێمی یەکەمدا بە عەقڵیەت، خواست و متمانەوە یاری دەکەین. دەزانین چیمان بەرامبەر پاشاکانی چامپیۆنزلیگ کردووە؛ ئەوان ئێستا بریندارن، پاشای برینداریش هەمیشە مەترسیدارە".