بە جەمەدانی کوردییەوە میدالیای عەرەبیان بردەوە

رووداو دیجیتال 

دوو پاڵەوانی تایکواندۆی هەولێر توانیان لە پاڵەوانێتییە نێودەوڵەتیییەکانی وڵاتانی عەرەب و نێودەوڵەتی لە ئیمارات دەسکەوتی زێڕین ببەنەوە و هەر لەوێ جەمەدانی کوردییان لەملکرد وەک پێشاندانی کوردبوونی خۆیان بۆ هەموو جیهان. 
 
هەریەک لە سەهەند شەمسەدین و شەهد سەعد وەک دوو یاریزانی کوردی هەولێر بەسەرپەرشتی محەممەد مزەفەر، راهێنەری لاو لە چەند رۆژی رابردوودا بەشدارییان لە پاڵەوانێتیی فوجێرەی نێودەوڵەتی و پاڵەوانێتیی یانەکانی عەرەبیان لە ئیمارات کرد، کە زیاتر لە 72 وڵات بەشداربوون.
 
سەهەند شەمسەدین، پاڵەوانێکی نوێی کوردە و خاوەن پلەکانی پێشەوەیە لەسەر ئاستی کوردستان و عێراق، لەو پاڵەوانێتییەدا لە کێشی خوار 65 کیلۆگرام لە پاڵەوانێتیی فوجێرەی نێودەوڵەتی کراوەدا کە 72 وڵات بەشداربوون، ئەو پاڵەوانە کوردە توانی میدالیای زێڕ بباتەوە، دواتر هەمان یاریزان لە پاڵەوانێتیی یانەکانی عەرەب جارێکی دیکە میدالیای زێڕی بردەوە. 
 
محەممەد مزەفەر، راهێنەری تایکواندۆ لە لێدوانێکی تایبەت بە رووداو سپۆرتس گوتی "سەربەرزین وەک وەرزشڤانی کورد جارێکی دیکە دەسکەوتی زێڕینمان هەبووە و ئاسان نییە لەو پاڵەوانێتییانەدا میدالیا ببەیتەوە، ئەوە کۆشش و ماندوێتی و ئامادەکاریی باشی دەوێ، سەعد شەمسەدین، یاریزانێکە ئومێدی گەورەم پێیەتی و چاوەڕوانی من لێی ئەوەیە بگاتە یارییەکانی ئۆڵۆمپیاد". 
 
شەهد سەعد، خانمە یاریزانی ئاستبەرز لە پاڵەوانێتیی یانەکانی عەرەب رکابەرییەکی بەهێزی کرد و میدالیای زیوی بردەوە، ئەوەی جێگای سەرنجە ئەو یاریزانانە و راهێنەرەکەیان دوای بردنەوە و سەرکەوتنەکانیان جەمەدانی کوردییان لە مل دەکرد و کوردبوونی خۆیان بۆ جیهان نمایشکرد.