ئارسین ڤینگەر وەڵامی هاندەرانی ئارسیناڵ دەداتەوە
رووداو – هەولێر
ئارسین ڤینگەر، بەڕێوەبەری هونەری یانەی ئارسیناڵی ئینگلیزی، وەڵامی داواکاری هاندەرانی یانەکەی بۆ وازهێنان لە پۆستی بەڕێوەبەری هونەری یانەکە دەداتەوە و دەڵێت یانەکە بەجێناهێڵم.
رۆژنامەی دەیلی ئێکسپرێسی بەریتانی رایگەیاندووە، لە چەند یاری رابردوودا بەچەندین شێوەی جۆرا و جۆر هاندەرانی یانە ئینگلیزییەکە بە بەرزکردنەوەی بانەر داوای رۆیشتنی ئەو راهێنەرەیان لە یانەکە کردووە، بەڵام ئارسین ڤینگەر دەڵێت: من ئەو یانەیەم دروستکردووە و بەئاسانی دەستبەرداری نابم.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا راهێنەرە فەڕەنسییەکە گوتی، بەردەوام کار بۆ بەرەوپێشبردنی یانەکە و هەوڵ بۆ کاری باشتر دەدەین و نامەوێت لەگەڵ هاندەرانی یانەکە گفتۆگۆ بکەم.
ئەمشەو لە یاری گەڕانەوەی قۆناخی شازدەی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەوروپا یانەی ئارسیناڵ لە دەرەوەی یاریگای خۆی دەبێتە میوانی یانەی بارسێلۆنا.