کێ دەبێتە پاڵەوانی ئەمساڵی چامپیۆنزلیگ؟

رووداو دیجیتاڵ


لە نێو ئەو هەشت یانەیەی گەیشتوونەتە قۆناخی چارەکی کۆتایی چامپیۆنزلیگی ئەمساڵ، شەش یانەیان پێشتر نازناوی پاڵەوانێتییەکەیان بردووەتەوە، ئەمە وا دەکات یارییەکانی قۆناخەکە پڕ بێت لە رووبەڕووبوونەوەی چێژبەخش و یاریی بەهێز و گەرموگوڕ.
 
ریال مەدرید کە دوێنێ سەرکەوتنی بۆ قۆناخەکە مسۆگەرکرد پاش دووبارە بردنەوە لە لیڤەرپوول بە گۆڵێکی بێبەرامبەر، پێشتر 14 جار نازناوی پاڵەوانێتییەکەی بەدەستهێناوە و خاوەنی ژمارەی پێوانەییە، لە دوای ئەو میلانی ئیتاڵی دێت کە پێشتر 7 جار نازناوەکەی بردووەتەوە. بایرن میونشنی ئەڵمانی پێشتر 6 نازناو و ئینتەرمیلانی ئیتاڵی پێشتر 3 نازناو و چێڵسی و بێنفیکاش هەریەکەیان دوو نازناوی پاڵەوانێتییەکەیان بردووەتەوە.
 
تاکە دوو یانەی ئەم قۆناخە کە تاوەکو ئێستا تامی بردنەوەی نازناوەکەیان نەکردووە، بریتین لە مانچێستەر سیتی ئینگلیزی و ناپۆلی ئیتاڵی کە یەکەمجارە لە مێژووی خۆیدا دەگاتە ئەم قۆناخە.
 
وێڕای جیاوازیی ئەم مێژووەی یانە سەرکەوتووەکانی ئەمساڵ بۆ قۆناخی چارەکی کۆتایی، لیستی پێشبینی و بەربژێرکردنەکان، یانەی مانچێستەر سیتی، بە دیارترین بەربژێر دادەنێن بۆ بردنەوەی نازناوەکەی وەرزی ئەمساڵ.
 
داتا و زانیارییەکانی کۆمپانیای 'فیتی سری فایف' کە پشتی بە ژمارە و داتاکان بەستووە و پسپۆری بواری کۆکردنەوەی داتا و سەرژمێرییەکانە، دەڵێ یانەی مانچێستەر سیتی، لە نێو هەر هەشت تیپەکەی دیکەدا، لە هەمووان زیاتر بەربژێرە بۆ بردنەوەی نازناوەکە.
 
کۆمپانیاکە دەڵێ، سیتی بە رێژەی 33٪ پێشەنگی بەربژێرانی بردنەوەی نازناوەکەیە. کۆمپانیاکە گوتوویەتی، سیتی بەربژێرە باڵادەستەکەیە بەسەر سەرژمێری و پێشبینییەکاندا، بۆ بردنەوەی نازناوەکە، ئەمەش بەهۆی بوونی پێکهاتەیەکی پڕ ئەستێرە و یەدەگێکی بەهێز و کاریگەر و بوونی هێرشبەرێکی وەک ئێرلینگ هالاند و ناوەراستکارێکی لێهاتووی وەک کیڤن دی برۆین.
 
بەپێی هەمان کۆمپانیا، یانەی بایرن میونشنی ئەڵمانی، لە پلەی دووەمی بەربژێرەکان دێت و بەڕێژەی 23٪ ئەگەری بوونە پاڵەوانی هەیە. هەرچی ریال مەدریدی هەڵگری نازناوەکەیە، بەڕێژەی 14٪ چانسی بوون بە پاڵەوانی هەیە.
 
لە لیستی بەربژێرەکانی دیکەدا، یانەی ناپۆلی پێش دوو یانە ئیتاڵییەکەی دیکە کەوتووە بۆ بردنەوەی نازناوەکە و بەڕێژەی 11 لەسەد ئەگەری بوون بە پاڵەوانی هەیە.
 
لیستی تەواوی هەر هەشت یانە بەشدارەکە و رێژەی بوونیان بەپاڵەوان بەپێی پێشبینییەکانی کۆمپانیاکە بەمشێوەیەیە..
 
مانچێستەر سیتی33٪
بایرن میونشن 23٪
ریال مەدرید 14٪
ناپۆلی 11٪
بێنفیکا 7٪
چێڵسی 6٪
ئینتەرمیلان 4٪
میلان 2٪