تێنسزانە بچووکەکەی هەولێر یەکەم بوو
رووداو دیجیتاڵ
کیان باهۆز، منداڵە تێنسزانەکەی هەولێر بەردەوامە لە پێشکەشکردنی ئاستیکی بەرز لە یاریی تێنسی سەرزەوی و ئەمجارە بووە یەکەمی هەولێر.
کیان باهۆز مستەفا، تەمەنی 9 ساڵە و لە ئەڵمانیا لەدایکبووە، چەند ساڵێکە ماڵباتەکەی گەڕاونەتەوە بۆ هەولێر. وەک یاریزانی تێنسی سەرزەوی بەردەوامە لە مەشق و راهێنانەکانی، چونکە وەک باهۆز مستەفای باوکی بە رووداوی گوت "کوڕەکەی دەیەوێت لە داهاتوودا ببێتە یاریزانێکی بەتوانا و ناسراوی یاریی تێنسی سەرزەوی".
لە نوێترین دەستکەوتەکانیدا، کیان باهۆز لە پاڵەوانیەتی تێنسی سەر زەوی لەسەر ئاستی پارێزگای هەولێردا پلەی یەکەمی بەدەستهێنا.
ئەم پاڵەوانیەتییە، کە یەکێتیی تێنسی سەر زەوی هەولێر رێکیخستبوو بۆ ئاستی تەمەن خوار 10 ساڵان، بەبەشداری چەندین یاریزان لە سنووری پارێزگای هەولێر بەرێوەچوو، تێیدا کیان پلەی یەکەمی بەدەستهێنا.
پاڵەوانێتییەکە رۆژانی 14 و 15ـی ئاداری 2025 بەڕێوەچوو، کە کیانی یاریزان بە ئاستە بەرزەکەی هەمووانی سەرسام کردبوو.
پێشتر کیان باهۆز لەسەر ئاستی عێراق لە تێنسی سەرزەوی پلەی دووەمی بەدەستهێناوە.
باهۆز مستەفا، باوکی کیان، بە رووداوی گوت "لە سەرەتای ساڵی 2023 کیانی کوڕم لە پاڵەوانێتی تێنسی سەرزەویی عێراق بەشداریکرد، کە لە یاریگەی شەعبی بەغدا بەڕێوەچوو و توانی پلەی دووەم لەسەر ئاستی عێراق بەدەستبێنێت".
ئەو گوتیشی "کیان ئێستا یاریزانی یەکێتی تێنسی سەر زەوی هەولێر و عێراقە".
باهۆز مستەفا هەروەها گوتی" یەکێتیی تێنسی سەرزەوی عێراق پێشتر ناوی کیان-یان وەک یاریزانی هەڵبژاردە تۆمارکردووە و داوایان لێکردووە لە پاڵەوانێتییەکانی داهاتوودا بەشداری بکات".