وردەکاریی دەنگەکانی خوان لاپۆرتا و سەرکەوتنە گەورەکەی لە هەڵبژاردنەکانی بارسێلۆنا


رووداو دیجیتاڵ

خوان لاپۆرتا، پێشبڕكێی سەرۆکایەتیی یانەی بارسێلۆنای لە بەرژەوەندی خۆی کۆتایی پێهێنا، پاشبردنەوەی گەورەی لە ڤیکتۆر فۆنتی رکابەری.
 
هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتیی یانەی بارسێلۆنا، بەدرێژایی دوێنێ تاوەکو درەنگانی شەو بەردەوام بوون و لاپۆرتا بۆ ماوەی پێنج ساڵی داهاتوو و تاوەکو 2031 سەرۆکایەتیی یانەکەی مسۆگەرکردەوە.
 
میدیای ئیسپانیا ئاشکرایانکردووە، ئەنجامی کۆتایی دەنگدان، سەرکەوتنی گەورەی سەرۆکی پێشووی یانەکەیان بەسەر رکابەرەکەیدا دووپاتکردووەتەوە.
 
ئەو سەرچاوانە دەڵێن لاپۆرتای 63 ساڵان، کۆی 32،934 دەنگی بەدەستهێناوە کە دەکاتە رێژەی 68،18٪ لە کۆی دەنگی بەشدارانی هەڵبژاردنەکە.
 
لە بەرامبەردا ڤیکتۆر فۆنتی رکابەری لاپۆرتا تەنیا 14،385 دەنگی بەدەستهێناوە، کە دەکاتە 29،78٪ی دەنگەکان. جیاوازیی نێوان دەنگەکانی لاپۆرتا و فۆنت، وەک میدیای کەتەلۆنیا دەڵێن، بەرجەستەکەری جیاوازیی گەورەی نێوان هەردوو پڕۆژەی بەربژێرەکەی سەرۆکایەتیی یانەکە دووپاتدەکاتەوە.
 
سەرچاوەکان ئاشکرایانکردووە، کۆی 48.440 ئەندامی یانەکە بەشدارییان لە هەڵبژاردنەکاندا کردووە، کە چوارەم بەرزترین رێژەی بەشدارییە لە مێژووی یانەکەدا. ئەوەشیان دەرخستووە کۆی 984 و 177 کەسی بەشداربووی دەنگدانەکە، دەنگیان بەهیچ کام لەو دوو بەربژێرە نەداوە.
 
سەرچاوە کەتەلۆنییەکان دەڵێن، ئەگەرچی فۆنت خۆی وەک بەربژێری دەنگی گۆڕانکاری و دابڕان لە رابردوو خستبووە روو، بەڵام لاپۆرتا بەشی زۆرینەی دەنگدەرانی یانەکەی بەدەستهێنایەوە.
 
لاپۆرتا وەک سیاسی، بزنسمان و پارێزەرێکی داکۆکیکار لە مافی سەربەخۆیی کەتەلۆنیا ناسراوە. ئەو پێشتر سێجار خولی سەرۆکایەتیی بارسێلۆنای لە هەڵبژاردنەکاندا بەدەستهێناوە و ئەمە دەبێتە چوارەم ماوەی سەرۆکایەتیی ئەو لە یانەکە کە تاوەکو 2031 درێژ دەبێتەوە.
 
لاپۆرتا لەماوەی سەرۆکایەتیی رابردووی خۆیدا، کاری زۆری بۆ چارەسەرکردنی کێشە داراییە قووڵەکانی یانەکە و رێکخستنەوەی دۆخی ئابووریی شێواوی یانەکە، هەروەها هەڵساندنەوەی تیپی تۆپی پێی یانەکە کرد و بڕێکی زۆری قەرزەکانی سەر یانەکەی دایەوە، ئەمە جیا لە نوێکردنەوەی یاریگەی کامپ نو و فراوانکردنی توانای لەخۆگرتنی هاندەرانی لە یاریگەی یانەکە.
 
بەپێی پەیڕەوی نێوخۆی یانەی بارسێلۆنا، لاپۆرتا تاوەکو مانگی حەوتی ئەمساڵ پۆستەکەی بەدەستهێناهێنێتەوە و رافاییل یۆسیتی وەک سەرۆکی کاتیی بارسێلۆنا دەمێنێتەوە.