هەڵبژاردەی عێراق چۆن گەشتی مەکسیک دەکات؟

رووداو دیجیتال

یەکێتیی تۆپی پێی عێراق هەوڵەکانی بۆ گەشتکردنی هەڵبژاردەی عێراق بۆ وڵاتی مەکسیک بەئاسانترین شێوە لە رێگەی فڕۆکەیەکی تایبەت چڕکردووەتەوە و چاوەڕواندەکرێت رۆژی پێنجشەممە گەشتەکە راستەوخۆ لە رێگای فڕۆکەخانەی بەغداوە ئەنجام بدرێت.
 
رۆژی 31ـی ئەم مانگە لە پاشکۆی جیهان بۆ گەیشتن بە یارییەکانی مۆندیالی 2026، هەڵبژاردەی عێراق یارییەکی چارەنووساز بەرامبەر براوەی یاریی هەڵبژاردەی بۆلیڤیا و هەڵبژاردەی سۆرینام لە شاری مۆنتێری مەکسیک ئەنجام دەدات.
 
گراهام ئاڕنۆڵد، راهێنەری هەڵبژاردەی عێراق پێشتر پلانی کەمپێکی راهێنانی لە ئەمریکا و ئەنجامدانی چەند یارییەکی دۆستانەی ئامادەکاریی بەهێزی دانابوو، بەڵام بەهۆی جەنگی نێوان ئەمریکا – ئیسرائیل لەگەڵ ئێران و تێکچوونی بارودۆخی ناوچەکە هەموو پلانەکان هەڵوەشایەوە و ئێستا هەوڵەکان بۆ ئەوەن زوو تیپەکە بگاتە مەکسیک و دەست بە راهێنان بکەن.
 
غالب زاملی، ئەندامی یەکێتیی تۆپی پێی عێراق بۆ رووداو سپۆرتس گوتی "یەکێتیی تۆپی پێی عێراق بە هەواهەنگی لەگەڵ راهێنەر ئاڕنۆڵد و یاریدەدەرەکانی، لەگەڵ یانەی مۆنتێری رێککەوتووین بۆ ئەنجامدانی یارییەکی دۆستانە لە رۆژی 26ـی ئەم مانگە، لەپێناو رێکخستن و ئامادەکارییەکی باش".
 
ئێستا نوێنەری یەکێتیی تۆپی پێی عێراق لە مەکسیکە و ئامادەکاریی تەواوی لە دابینکردنی پاس و شوێنی حەوانەوە و یاریگەی راهێنانەکان کردووە. عەدنان درجال سەرۆکی یەکێتیی تۆپی پێی عێراق ڤیزای وڵاتی مەکسیکی بۆ 50 ئەندامی شاندی هەڵبژاردەکە وەرگرتووە، هەوڵێک هەیە بۆ ئەوەی ئەو فڕۆکە تایبەتەی هەڵبژاردەی عێراق دەبات بۆ مەکسیک راستەوخۆ لە بەغدا بفڕێت، بۆ ئەوەی تیپەکە ماندوو نەبێت.
 
زاملی زیاتر روونیکردەوە "ئەستێرەکانی خولی ناوخۆیی لەگەڵ ئەوانەی کەنداو راستەوخۆ لەگەڵ تیپەکە گەشت دەکەن، هەرچی ئەو ئەستێرانەی وەک پیشەگەر لە یانەکانی دەرەوە یاری دەکەن لە مەکسیک پەیوەندی بە هەڵبژاردەکە دەکەن".
 
چاوەڕواندەکرێت لە چەند رۆژی داهاتوودا پێکهاتەی کۆتایی یاریزانانی هەڵبژاردەی عێراق لە لایەن گراهام ئاڕنۆڵد، راهێنەری هەڵبژاردەکە رابگەیەندرێت، ژمارەیەک ئەستێرەی کوردیش بەربژێرین بۆ پێکهاتەکە کە بریتیین لە یوسف ئەمین، مێرخاس دۆسکی، شێرکۆ کەریم، هاروون ئەحمەد، ئاکام هاشم، مارکۆ فەرەج و ئوسامە رەشید.
 
شێرکۆ کەریم، ئەستێرەی کورد، کە پێشتر نازناوی جامی کەنداوی لەگەڵ هەڵبژاردەی عێراق بەرزکردووەتەوە، هەندێک نهێنی خۆی لەگەڵ راهێنەری هەڵبژاردەی عێراق بۆ رووداو سپۆرتس ئاشکراکرد "گراهام ئاڕنۆڵد، وەک راهێنەر بەردەوام رێنمایی دەکردم کە پێکانم هەبوو، وەک کوردێک خەون بە یاریکردن لە مۆندیال دەبینم و دەتوانین یاریی داهاتوومان ببەینەوە". 
 
هەڵبژاردەی عێراق لە مێژوودا جارێک لە 1986 بەشداری مۆندیالی لە مەکسیک کردووە، عێراق دوای 40 ساڵ خەون بەوە دەبینێت کە جارێکی دیکە لە مەکسیک ئاهەنگی گەیشتن بە مۆندیال بگێرێت.