جەیمس میلنەر ئاشکرای دەکات کە بۆچی وەک کریستیانۆ رۆناڵدۆیە



رووداو دیجیتاڵ

جەیمس میلنەر، ئەستێرەی یانەی برایتۆن و خاوەنی ریکۆردی مێژوویی زۆرترین بەشداری لە پرێمەرلیگ، باس لە نهێنییەکانی مانەوەی لە لووتکەدا دەکات و دەڵێت عەقڵییەت و ئارەزوو وایکردووە هاوشێوەی کریستیانۆ رۆناڵدۆ و لوکا مۆدریچ تەمەنی وەرزشی درێژبێتەوە.
 
میلنەر 656 یاری لە پرێمەرلیگ ئەنجامداوە و لە تەمەنی 40 ساڵیدا هێشتا ئاستێکی بەرز پێشکێش دەکات، ئەو یاریزانە پێشتر لەگەڵ یانەکانی مانچێستەر سیتی و لیڤەرپوول نازناوی جۆراوجۆری وەک پرێمەرلیگ و چامپیۆنزلیگی بردبووەوە، ئێستاش لەگەڵ برایتۆن بەردەوامە و پێدەچێت ژمارەی یارییەکانی زیاتریش بکات.
 
ئەو یاریزانە قسەی بۆ میدیاکان کردووە و دەڵێت "پێموایە زۆر یاریزانی دیکە دەبینین بگەنە ئەو تەمەنە، چونکە ئێستا رێژەی گۆڕانکاری یاریزانە یەدەگەکان زیادیکردووە و یاریزان دەتوانێت 20 خولەک پشوو وەربگرێت، جگە لەوەش شێوازی خواردن و ئامرازەکانی چاکبوونەوە لە پێکانەکان لە یانەکاندا زۆر پێشکەوتوون".
 
میلنەر کە ئێستا ناوی چووەتە تەنیشت کریستیانۆ رۆناڵدۆ لە یانەی نەسڕ و لوکا مۆدریچ لە میلان وەک یاریزانە تەمەن درێژەکان لەنێو یاریگاکاندا، دەڵێت لایەنی دەروونی کلیلی سەرکەوتنە و دەڵێت "پێموایە عەقڵییەت گرنگترین شتە، چونکە ئەگەر ئارەزووی کارکردن نەما، یان رۆژێک بڵێیت بێزاربووم لە رۆیشتن بۆ هۆڵی وەرزش یان مەشقەکان، ئەوا ناتوانی بەردەوام بیت، پێویستە خۆشەویستیت بۆ یارییەکە و ئەو هەستەت هەبێت کە دەتەوێت یارمەتی تیپەکەت بدەیت، بۆ نموونە کریستیانۆ رۆناڵدۆ ئامانجی تۆمارکردنی 1000 گۆڵی هەیە و ئەو عەقڵییەتە پاڵنەریەتی".
 
جەیمس میلنەر لە وەرزی 2025-2026ـیشدا لەگەڵ برایتۆن بەردەوام دەبێت و پێدەچێت گرێبەستەکەی جارێکی دیکە نوێ بکرێتەوە، ئەو ئێستا ئەزموونی خۆی بۆ یاریزانانی تیپە بچووکەکان دەگوازێتەوە تاوەکو فێری ئەوە بن چۆن بە عەقڵییەتێکی دروستەوە بگەنە ئامانجەکانیان.