بارسێلۆنا چاودێریی ئەستێرەیەکی ئینگلیزی دەکات

رووداو دیجیتاڵ

لویس هاڵ، بەرگریکاری چەپی یانەی نیوکاسڵ یونایتد، بەهۆی ئاستە بەرزەکەیەوە بووەتە جێی بایەخی یانەی بارسێلۆنا و ناوی چووەتە نێو لیستی ئەو یاریزانانەی کە یانە کەتەلۆنییەکە بۆ بەهێزکردنی پێکهاتەکەی چاودێرییان دەکات.
 
رۆژنامەی 'مۆندۆ دیپۆرتیڤۆ' ئاماژەی بەوە کردووە کە لویس هاڵ، بەرگریکاری چەپی ئینگلیزی تەمەن 21 ساڵ، لەنێو لیستی گرێبەستە ئەگەرەییەکانی یانە کەتەلۆنییەکەدایە، دوای بینینی ئاستی لە یارییەکانی ئەم وەرزەی چامپیۆنزلیگ، لە نێویاندا یارییەکەی پێشووی بەرامبەر بارسێلۆنا کە لە یاری چووندا ستایشێکی زۆر کرا، بەهۆی چاودێریکردنی وردی لامین یامال.
 
راپۆرتەکە ئاماژە بەوە دەکات کە دەرکەوتنە سەرنجڕاکێشەکەی هاڵ لەبەرچاوی یانە گەورەکانی پرێمەرلیگیش ون نەبووە، یانەکانی وەک مانچێستەر سیتی، لیڤەرپوول و ئارسیناڵ بەردەوام چاودێری ئەو یاریزانە دەکەن.
 
هاڵ 7 جار لەگەڵ هەڵبژاردەی ئینگلتەرای تەمەن خوار 21 ساڵان بەشداریی کردووە، گۆڵێک و ئەسیستێکی تۆمارکردووە ئەو یاریزانێکی سەرەکییە لە پێکهاتەکەی ئێدی هاو، بەجۆرێک لەم وەرزەدا لە 39 یارییدا، 2738 خولەک یاریی کردووە.
 
یارییەکەی بەرامبەر بارسێلۆنا، هاڵ رێگەی نەدا لامین یەک بڕینی سەرکەوتووش ئەنجام بدات، کە دەنگدانەوەیەکی زۆری هەبوو.
 
هاڵ لە یانەی چێڵسییەوە پەیوەندی بە نیوکاسڵەوە کرد، گرێبەستەکەی تاوەکو ساڵی 2029 درێژ دەبێتەوە، بەگوێرەی زانیارییەکانی رۆژنامەکە، کارە لەپێشینەکانی بارسێلۆنا بۆ وەرزی داهاتوو، بەهێزکردنی هەردوو هێڵی بەرگری و هێرشبەری دەبێت.
 
بەهۆی ئاستی و ئەو گرنگیپێدانەی یانە گەورەکانی پرێمەرلیگ پێشانیان داوە، بەهای هاڵ بەرزە، ئەمەش دەکرێت ببێتە رێگر لەبەردەم بارسا بۆ گواستنەوەی.