ڤیدیۆ؛ بایرن بەردەوامە لە ئەنجامە خراپەکانی
رووداو دیجیتاڵ
یانەی بایرن میونشن لە گەڕی 28ـی خولی تۆپی پێی ئەڵمانیا، لەسەر یاریگەی ئەلیانز ئارێنا میوانداری هۆفێنهایمی کرد و بە ئەنجامی 1-1 لەگەڵیدا یەکسانبوو.
بایرن یارییەکەی بە باشی دەستپێکرد و بنیامین پاڤارد نزیک بوو بە لێدانێک لە دوورەوە یەکەم گۆڵی بایرن تۆماربکات، کەچی ئامانجەکەی نەپێکا، بەڵام هەمان یاریزان لە خولەکی 17 هەلێکی دیکەی بۆ رەخسا گۆڵی پێشکەوتنی بۆ یانەی خاوەن ماڵ تۆمارکرد.
لە گێمی دووەمدا هەلێکی زێڕین بۆ جواو کانسێلۆ رەخسا بۆ ئەوەی باڵادەستی بایرن میونشن بەسەر رکابەرەکەیدا بسەپێنێت، بەڵام نەیتوانی بیقۆزێتەوە.
هۆفنهایم بەردەوام لە هەوڵداندا بوو بۆ یەکسانکردنەوەی ئەنجامەکە، تاوەکو ئەندرێ کراماریچ توانی لە خولەکی حەفتا و یەکی یارییەکەدا بە لێدانی سزا گۆڵی یەکسانبوون بۆ تیپی میوان تۆماربکات.
لە خولەکەکانی کۆتایی یارییەکەدا سێرج نابری هەلێکی ئاسانی لەدەستدا و یارییەکە بە گۆڵێک بەرامبەر بە گۆڵێک کۆتاییهات.
بایرن میونشن سەرەڕای یەکسانبوونەکە، لە کۆی 28 یارییدا بە 59 خاڵ پێشەنگی خولەکەی پاراست و بە دوو خاڵ لە پێش بۆرووسیا دۆرتمۆندەوەیە، لە کاتێکدا هۆفێنهایم بە 29 خاڵ لە پلەی سێزدەیەمدایە.