6 هۆکار لەوانەیە خەونی ریمۆنتادای ریال مەدرید بکەنە بڵقی سەر ئاو

رووداو دیجیتاڵ

 

شەش هۆکار هەن، لەوانەیە ببنە بەربەست لەبەردەم ریال مەدرید بۆ ئەنجامدانی ریمۆنتادایەکی مێژووی بەسەر ئارسیناڵدا.
 
ئەمشەو هەموو چاوەکان لەسەر یاریگای سانتیاگۆ بێرنابیۆ دەبن، کاتێک ریال مەدرید لە یاریی گەڕانەوەی قۆناخی چارەکی کۆتایی چامپیۆنزلیگدا میوانداریی ئارسیناڵ دەکات.
 
ئەرکی تیپی شاهانە نزیکە لە مەحاڵەوە دوای دۆڕانە گەورەکەی یاریی چوون بەئەنجامی 0-3 کە لەسەر یاریگای ئیمارات لە لەندەن بەڕێوەچوو. ئەمە سەرەڕای مێژووی دەوڵەمەندی مێرینگێ لە ریمۆنتادا سەرسوڕهێنەرەکان، بەڵام شەش هۆکاری سەرەکی هەن کە دەتوانن خەونی گەڕانەوەی یانەکە بکەنە بڵقی سەرئاو.
 
متمانەی زۆر شمشێرێکی دوو سەرەیە
 
یەکێک لەو هۆکارانە متمانەی زۆرە بەتوانای گەڕانەوە، کە زاڵە بەسەر ئەستێرەکانی ریال مەدرید و میدیاکانی ئیسپانیا، لەکاتێکدا ئەم گەشبینییە پێویستە، بەڵام دەکرێت بگۆڕێت بۆ لەخۆڕازیبوونێکی زیاتر لە پێویست و بێباکی کاتێک رووبەڕووی تیپێکی رێکخراو دەبێتەوە کە توانای قۆستنەوەی هەر خاڵێکی لاوازی تیپی بەرامبەری هەیە.
 
لێدوانی هەندێک لە یاریزانان سەبارەت بە "پەرجوو لە یاریگای بێرنابیۆ" دەکرێت گوشارێکی زیاتر لەسەر تیپەکە دروست بکات و ببێتە هۆی لەدەستدانی ئەو ئارامییە هزرییەی کە پێویستە بۆ بەجێگەیاندنی ئەو ئەرکە قورسە.
 
بەرگری لاواز
 
دووەم هۆکار بەرگری ریال مەدریدە، کە لەم وەرزەدا بەڕوونی لاوازی بەو هێڵەی یاریکردنی مێرینگێوە دیاربووە، هەروەک چۆن لە یاریی چووند دەرکەوت، کاتێک ئارسیناڵ توانی سێ گۆڵی لێبکات، کە ئەوە رەنگدانەوەی لاوازیی هێڵی دواوەیە، کە بەدەست ئامادەنەبوونی هەندێک یاریزانی باش و ناشایستەیی هەندێک یاریزانەوە دەناڵێنێت.
 
دەیڤد ئالابای بەرگریکار لە باشترین ئاستی خۆیدا نییە. ئاسێنسیۆی لاویش ئەو ئەزموونەی نییە کە پێویستە بۆ ئەنجامدانی یارییە گەورەکانی لەو جۆرە. پشتبەستن بە لوکاس ڤاسکێز لە بەرگریکاری باڵی راستدا مەترسییەکی هەڵەیەکی دیکەیە، چونکە یاریزانەکە بەرگریکارێکی پتەو نییە و کێشەی بەردەوام بۆ تیپەکە دروست دەکات لەم دۆخە هەستیارەدا.
 
بەهێزی بەرگری ئارسیناڵ
 
لەلایەکی دیکەوە ئارسیناڵ بەرگرییەکی پتە و بەهێزی هەیە، کە لەم وەرزەدا تیپەکەی لەندەن توانای خۆی سەلماندەوە و چەندینجار دووپاتیکردووەتەوە کە لە یانە گەورەکان باشترە لە رێگەی رێکخستنی تووندی هێڵی بەرگرییەکەی و دیسیپلینە تاکتیکییەکەیەوە.
 
یانەکەی ئارتێتا توانای بەرگەگرتنی گوشارەکانی هەیە و پشت بە هێرشی پێچەوانەی خێرا دەبەستێت، ئەمەش لەوانەیە دۆخەکە بۆ ریال مەدرید ئاڵۆزتر بکات، کە بەلایەنی کەمەوە هەوڵی تۆمارکردنی چوار گۆڵ دەدات.
 
تۆپە جێگیرەکان هەڕەشەیەکی راستەقینەن
 
چوارەم هۆکار کە چەکێکی دیکەی کاریگەری ئارسیناڵە، تۆپە جێگیرەکانە. تیپەکە لە یاریی چووندا بەشێوەیەکی لێهاتووانە ئەمەی قۆستەوە و دوو گۆڵی لە لێدانی راستەوخۆ تۆمارکرد.
 
ئەم باڵادەستییە لە تۆپە جێگیرەکاندا هەڕەشەیەکی بەردەوامە بۆ سەر بەرگرییە لەرزۆکەکەی ریال مەدرید، هەروەها دەتوانێت رۆڵێکی یەکلاکەرەوە بگێڕێت لە دیاریکردنی ئەنجامی یاریی گەڕانەوە.
 
دووانەیەکی نەگونجاو
 
سەرەڕای ئەوەی ریال مەدرید خاوەنی دوو یاریزانی هێرشبەری ئاستبەرزی جیهانییە، کیلیان ئێمباپێ و ڤینیسیۆس جونیۆر، بەڵام هێرشی تیپەکە بەدەست کەمی هەماهەنگی و کاریگەرییەوە دەناڵێنێت، لانیکەم لە هەندێک کاتدا.
 
پێدەچێت ئەو دوو ئەستێرەیە هێشتا نەیانتوانیبێت لە یاریگادا هاوئاهەنگییەکی تەواو بدۆزنەوە؛ ئەمەش مەترسی هێڵی هێرشبەریی تیپەکە کەم دەکاتەوە. جگە لەوەش ئێستا ناتوانرێت هێڵی هێرشبەریی ریال مەدرید لە سێ باشترین هێڵی هێرشبەریی ئەورووپا هەژمار بکرێت، ئەمەش بە لەبەرچاوگرتنی ئاستێکی ناتەبایی تیپەکە لە یارییەکانی ئەم دواییەدا.
 
هونەرە رەشەکان
 
هۆکارێکی دیکەی مشتومڕاوی بەکارهێنانی "هونەرە رەشەکان"ـە لەلایەن ئارسیناڵەوە، بەتایبەتی ستراتیژکانی وەستاندنی تۆپ بۆ بەفیڕۆدانی کات. ئەم تاکتیکانە بوونەتە بابەتی مشتومڕی بەرفراوان لە خولی نایابی ئینگلیزی، زۆر لە راهێنەران و شرۆڤەکاران نیگەرانی خۆیان نیشانداوە سەبارەت بەو شتەی کە پێیدەڵێن "هونەرە رەشەکان".
 
رۆژنامەی دەیلی مەیلی بەریتانی لەم دواییانەدا گرتە ڤیدیۆییەکی مایڵز لویس سکێلی یاریزانی لاوی ئارسیناڵی بڵاوکردەوە، کە لەپێش ئەوەی بکەوێتە سەر زەوی، دەیڤید رایای گۆڵپارێزی یانەکەی لێ ئاگادار دەکاتەوە، دیمەنێک کە گومانی بەفیڕۆدانی بەئەنقەستی کاتی لێدەکرێت، کە لە یاریی بەرامبەر مانچێستەر سیتی روویداوە. ئەم تاکتیکانە دەتوانن یاریزانانی ریال مەدرید زیاتر بێزار بکەن و کاریگەری لەسەر لایەنی هزرییانەوە هەبێت، بەتایبەتی بە لەبەرچاوگرتنی ئەو گوشارە بێئەندازەیەی بۆ ئەنجامدانی ریمۆنتادا لەسەر یاریزانانی ریال مەدرید هەیە.
 
ئایا خەونەکە دەگۆڕێت بۆ مۆتەکە؟
 
لە کۆتاییدا، هەرچەندە ریال مەدرید مێژوویەکی دوور و درێژی هەیە لە گەڕانەوەی مەحاڵ، بەڵام ئەم شەش هۆکارە بەیەکەوە ئاڵنگارییەکی گەورە و بەرچاو بۆ تیپەکە دروست دەکەن. ئەگەر لۆس بلانکۆس نەتوانێت چارەسەری خاڵە لاوازەکانی بکات و بەرپەرچدانەوەی خاڵە بەهێزەکانی ئارسیناڵ بداتەوە، ئەوا خەونی ریمۆنتادا لە شەوێکی دیکەی ئەورووپادا لە یاریگای بێرنابیۆدا دەگۆڕێت بۆ مۆتەکە.