رووداو دیجیتاڵ
شکستە تاڵەکەی ریال مەدرید بەرامبەر بایرن میونشن، جارێکی دیکە برینەکانی مێرێنگی کۆڵییەوە، کە لەدوای هاتنی ئەلڤارۆ ئەربێلوای ئیسپانی وەک جێگرەوەی چابی ئەلۆنسۆ لە مانگی یەکی رابردوودا، بەشێوەیەکی کاتی داخرابوون.
بەگوێرەی ماریۆ کۆرتێگانا، رۆژنامەنووس لە پێگەی The Athletic، بڕوایەکی فراوان لە ناو کەسایەتییە سەرەکییەکانی یانەی ریال مەدریددا هەیە کە ماوەیەکی درێژە تیپەکە پێویستی بە گۆڕانکاریی گەورە هەیە، چونکە چەندین هۆکار و خاڵی لاوازی لە پشت سەرنەکەوتنی یانەکە لە دوو وەرزی رابردوودا هەیە.
لەڕووی وەرزشییەوە، هەریەکە لە ئەنچێلۆتی و ئەلۆنسۆ، هەردوو راهێنەری پێشووی ریال مەدرید جەختیان کردووەتەوە کە تیپەکە باشە، بەڵام هاوسەنگیی نییە، ئەمەش پێویستی بەئەنجامدانی گرێبەستی نوێ لە بازاڕی گواستنەوەکاندا هەیە بۆ پڕکردنەوەی کەلێنەکان.
هەروەها ئەو رۆژنامەنووسە ئیسپانییە ئاماژەی بەوە کردووە کە بەپێی گوتەی سەرچاوە نزیکەکان لە راهێنەرەکان، یەکێک لە دیارترین کێشەکان، پاراستنی گونجان و تەباییە لە ناو گرووپەکەدا کاتێک ژمارەیەکی زۆر لە ناوە درەوشاوەکان پێکەوە لە پێکهاتەکەدا یاری دەکەن.
کۆرتێگانا دەڵێت دوای دوورخستنەوەی چابی ئەلۆنسۆ، سەرچاوە نزیکەکان لە دەستەی تەکنیکی پێشووی ئەنچێلۆتی رایانگەیاندووە کە ئێستا هیچ چارەسەرێک بۆ دۆخی ریال مەدرید نابینن و پێیانوایە تیپەکە لەڕاستیدا پێویستی بە بنیادنانەوەیەکی گشتگیر هەیە.
هەروەها کۆرتێگانا لە سەرچاوە نزیکەکانی ئەلۆنسۆوە گواستوویەتییەوە کە ئەم تیپە ناکرێت سەرپەرشتی بکرێت، چونکە یاریزانەکان دەسەڵاتێکی زۆریان لە ناو یانەکە و ژووری جلگۆڕیندا هەیە و هەمیشە ئارەزووی پێویست بۆ پەرەپێدانی خۆیان نیشان نادەن.
بڕیارێکی بوێرانەی چاوەڕوانکراو
لە هەمان چوارچێوەدا، بەرپرسانی ریال مەدرید پێیانوایە پێویستە یەکێک لە ئەستێرە دیارەکان بفرۆشرێت، لەپێناو گێڕانەوەی هاوسەنگی بۆ ناو تیپەکە.
ئەمە هەمان ئەو دیدگایەیە کە ئەنچێلۆتی پێشتر هەیبوو؛ ئەو پێیوابوو ریال پێویستی بە بنیادنانەوەیەکی گشتگیر هەیە و دەبێت یەکێک لە ئەستێرە گەورەکان بفرۆشرێت تاوەکو بتوانرێت گرێبەست لەگەڵ یاریزانان لە شوێنەکانی دیکەی یاریگادا بکرێت.
بەپێی هەمان راپۆرت، راهێنەرە ئیتاڵییەکە پێیوابوو مێرێنگی پێویستی بە بەهێزکردنی شوێنی بەرگریکاری راست، دڵی بەرگری و باڵی راست هەیە، بەڵام لە هەموو ئەمانەش گرنگتر، بەهێزکردنی هێڵی ناوەڕاستە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ