دوای دۆڕانەکەی بەرامبەر بایرن؛ 4 ئەستێرەی ریال مەدرید مەترسی دوورخستنەوەیان لەسەرە
رووداو دیجیتاڵ
ریال مەدرید تووشی دۆڕانێکی گەورە بوو دوای ئەوەی لەسەر دەستی بایرن میونشن لە قۆناخی هەشتی چامپیۆنزلیگ ماڵئاوایی کرد و بەو هۆکارەوە 4 ئەستێرەی ریال مەدرید مەترسی دوورخستنەوەیان لەسەرە.
ریال مەدرید لە یاریگای خۆیدا لە یاریی چووندا بەئەنجامی 1-2 بە بایرن دۆڕا، لە یاریی گەڕانەوەشدا تووشی شکستێکی دیکە بوو بە ئەنجامی 4-3.
لەگەڵ کارەساتی چوونە دەرەوە لە چامپیۆنزلیگ، چەندین ئەستێرە مەترسی دوورخستنەوەیان لە یانەکە لەسەرە:
1 - ئێدواردۆ کاماڤینگا
ئەو یاریزانە رۆڵێکی نەرێنی بەرچاوی هەبوو لە چوونە دەرەوەی ریال مەدرید بەرامبەر بایرن، دوای ئەوەی لە یاریی گەڕانەوەدا بە کارتی سوور دەرکرا. کاماڤینگا لە خولەکی 64ـی یارییەکەی بەرامبەر بایرن هاتە نێو یاریگا، بەڵام لە خولەکی 86ـدا دەرکرا و گورزێکی کوشندەی لە تیپەکەیدا. دوای چوونە دەرەوەی کاماڤینگا، ریال مەدرید دوو گۆڵی لە خولەکەکانی 89 و 94ـدا لێکرا. کاماڤینگا نەیتوانیوە لە وەرزەکانی کۆتاییدا هاندەرانی ریال بە ئاستی خۆی رازی بکات، ئەمەش دەرگا بۆ رۆیشتنی واڵا دەکات بۆ هێنانی یاریزانێکی بەتواناتر.
2 - فێرلان مێندی
بەرگریکارە چەپە فەرەنسییەکە ئاستێکی زۆر لاوازی بەرامبەر هاونیشتمانەکەی، ئۆلیسێ، لە یاریی گەڕانەوەدا پێشکێش کرد. مێندی تەمەن 30 ساڵ، 3 ململانێی لەکۆی 5 ململانێی بەرامبەر یاریزانانی بایرن دۆڕاند و لەڕووی بەرگرییەوە بەرامبەر ئۆلیسێ ناڵاندی. مێندی لەم وەرزەدا ئاستی پێویستی پێشکەش نەکردووە و بەهۆی زۆری پێکانەکانییەوە تەنیا 348 خولەک لە 7 یاریی بەشداری کردووە.
3 - ئەنتۆنیۆ رۆدیگێر
ئەو بەرگریکارە ئەڵمانییە بەردەوام بوو لەسەر پێشکێشکردنی ئاستە نزمەکەی لەم وەرزەدا. گرێبەستەکەی رۆدیگێر لە کۆتایی ئەم وەرزەدا تەواو دەبێت، ئەمەش وایلێدەکات لە لێواری رۆیشتن بێت بۆ ئەوەی یانەکە گرێبەست لەگەڵ بەرگریکارێکی نوێدا واژۆ بکات بۆ بەهێزکردنی هێڵی بەرگری.
4 - ئاندرێ لونین
گۆڵپارێزە ئوکراینییەکە تەمەن 27 ساڵەکە سەرکەوتوو نەبوو لە پڕکردنەوەی شوێنی تیبۆ کۆرتوای گۆڵپارێزی سەرەکیی یانەکە. ریال مەدرید باجی هەڵەکانی گۆڵپارێزە یەدەگەکەیدا کە دوای پێکانەکەی کۆرتوا خۆی وەک گۆڵپارێزی سەرەکی بینییەوە.
ئێستا ریال مەدرید پێویستی بەوەیە بیر لە گۆڵپارێزێک بکاتەوە بۆ شوێنگرتنەوەی کۆرتوا لە داهاتوودا.
ئەم شکستە چاوەڕواننەکراوە و ماڵئاواییکردنە لە چامپیۆنزلیگ، کارگێڕیی ریال مەدرید و فلۆرێنتینۆ پێرێز دەخاتە بەردەم گوشارێکی زۆر بۆ ئەنجامدانی گۆڕانکاریی ریشەیی لە پێکهاتەی تیپەکەدا.
چاوەڕوان دەکرێت مێرکاتۆی هاوینەی ئەمساڵ بۆ یانە شاهانەکە زۆر جیاواز بێت و شۆڕشێکی گەورە لە کڕین و فرۆشتنی یاریزاناندا رووبدات، تاوەکو تیپەکە بتوانێت جارێکی دیکە بگەڕێتەوە سەر سەکۆی نازناوەکان و ئەو کەلێنانە پڕ بکاتەوە کە لەم وەرزەدا بوونە هۆی بێئومێدکردنی هاندەرانی.