ئارسیناڵ دەیەوێت ئامانجەکەی بارسێلۆنا لەنێو ببات


رووداو دیجیتاڵ

یانەی ئارسیناڵی ئینگلیزی خۆی بۆ گواستنەوەی ئەستێرەیەکی بەنێوبانگ و دیاری ئەورووپا ئامادەدەکات کە یەکێک لە ئامانجە سەرەکییەکانی یانەی بارسێلۆنایە و بلاوگرانا دەیەوێت یاریزانەکە بباتە ریزەکانی.
 
بەپێی راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکانی ئینگلتەرا، یانەی ئارسیناڵ بیر لە دەستبەرداربوون لە دوو یاریزانی دەکاتەوە بۆ ئەوەی پارەیەکی باشی دەستبکەوێت و یاریزانێکی زۆرباشی پێبگوازێتەوە، ئەو دوو یاریزانەی کە یانەکە دایناوە دەستبەرداریان ببێت، کای هاڤێرتز و گابریێل جیسۆسن.
 
ئامانجی سەرەکیی ئارسیناڵ بۆ گواستنەوەی هاوینی داهاتوو، گواستنەوەی جولیان ئەلڤارێز، ئەستێرە و هێرشبەری یانەی ئاتلێتیکۆ مەدریدە و بۆ ئەوەش پێویستی بە پارەیەکی زۆرە.
 
بەپێی راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان، لە یاریی قۆناخی پێشکۆتاییدا کە ئاتلێتیکۆ مەدرید و ئارسیناڵ رووبەڕووی یەکدەبنەوە، بەرپرسانی گانەرز لە نزیکەوە چاودێریی جولیان ئەلڤارێز دەکەن و هەڵسەنگاندن بۆ ئەو گرێبەستە دەکەن لە گواستنەوەی هاوینی داهاتوودا.
 
بە دەستبەرداربوونی لە هەریەکە لە گابریێل جیسۆس و کای هاڤێرتز، ئارسیناڵ دەیەوێت 61 ملیۆن پاوەندی دەستبکەوێت و ئەندریا بێرتا، بەڕێوەبەری وەرزشیی یانە لەندەنییەکە دەستکراوەتر بێت بۆ ئەوەی هەنگاوەکانی بۆ گواستنەوەی جولیان ئەلڤارێز دەستپێبکات.
 
جولیان ئەلڤارێز، لەم وەرزەدا ئاستێکی بەرز پێشکێش دەکات، یاریزانەکە بەشێوەیەکی گشتی لەم وەرزەدا لە 46 یارییدا 18 گۆڵی تۆمارکردووە و 9 ئەسیستی هەیە.
 
ئەلڤارێز، گرێبەستەکەی لەگەڵ ئاتلێتیکۆ مەدرید لە 2030 کۆتایی دێت، یاریزانەکە یەکێک لە ئامانجەکانی یانەی بارسێلۆنایە بۆ گواستنەوەکانی داهاتوو و ئێستا لە بازاڕدا نرخەکەی دەگاتە سەرووی 90 ملیۆن یۆرۆ.