یوڤێنتۆس دوو ئەستێرەی پرێمەرلیگ دەکاتە ئامانج

 
رووداو دیجیتاڵ

یانەی یوڤێنتوسی ئیتاڵی کار بۆ گواستنەوەی دوو ئەستێرەی پرێمەرلیگ دەکات و دەیەوێت بە گواستنەوەی ئەو دوو یاریزانە خۆی بۆ وەرزی داهاتوو بەهێزتر بکات.
 
بەپێی هەواڵی میدیای ئینگلتەرا و ئیتاڵیا، یانەی یوڤێنتوس چاوی لە گواستنەوەی ئەلیسۆن بیکەر، گۆڵپارێزی یانەی لیڤەرپوول و بێرناردۆ سیلڤا، ئەستێرەی یانەی مانچێستەر سیتییە و دەیەوێت هاوینی داهاتوو هەردووکیان بباتە خولی ئیتاڵیا.
 
یانە ئیتاڵییەکە لە نزیکەوە چاودێری گۆڵپارێزی لیڤەرپوول و یاریزانی ناوەڕاستی مانچستەر سیتی دەکات، لەکاتێکدا هەوڵدەدات پێکهاتەیەک دروستبکاتەوە کە توانای رکابەریکردنی هەبێت لە لوتکەی تۆپی پێی ئەوروپادا.
 
ئەم هەوڵانەی یانە ئیتاڵییەکە بۆ گواستنەوەی ئەو دوو یاریزانەی پرێمەرلیگ لەکاتێکدایە، یانەی مانچێستەر سیتی رۆیشتنی بێرناردۆ سیلڤای لە کۆتایی ئەم وەرزەدا راگەیاندووە و ئەلیسۆن بیکەریش بە ئەگەری زۆرەوە لە یانەی لیڤەرپوول دەڕوات، بەتایبەت دوای ئەوەی یانەکە گرێبەستی لەگەڵ جۆرجی مامارداشڤیلی واژۆکرد.
 
یوڤێ لەم وەرزەدا لە پلەی چوارەمی ریزبەندی خولی ئیتاڵییە، لە دوای ئەنجامدانی 32 یاریی یانەکە 60 خاڵی هەیە و هیچ هیوایەکی نییە بۆ رکابەریکردن لەسەر بردنەوەی نازناوی سێری ئا، ئەمەش هاندەرانی یانەکەی نیگەرانکردووە و چاویان لە رکابەریکردنە لەسەر نازناوەکان.