رۆڵی مێسی لە دەستلەکارکێشانەوەی ماسکێرانۆ لە ئینتەرمەیامی
رووداو دیجیتاڵ
دەستلەکارکێشانەوەی خاڤێر ماسکێرانۆ لە مەشقدانی یانەی ئینتەرمەیامیی ئەمریکی بە بێدەنگی تێپەڕی، لە کاتێکدا پێشتر هیچ ئاماژەیەک بۆ روودانی ئەو کارە لەئارادانەبوو و تیپەکەشی لە دۆخێکی وادا نەبوو، گوشار لەسەر ماسکیرانۆ هەبێت بۆ دەستلەکارکێشانەوە.
سەرچاوە میدیاییەکان دەڵێن، رۆیشتنی لەناکاوی ئەو راهێنەرە ئەرجەنتینییە لە مەشقدانی یانەکەی، کۆمەڵێک پرسیاری زۆری لە نێوخۆی یانەکە و ناوەندەکانی راگەیاندنی وەرزشیدا وروژاندووە، بەتایبەت باس لە رۆڵی مێسی (ئەستێرەی یەکەمی یانەکە) و رۆڵی ئەو لەو دەستلەکارکێشانەوە لەناکاوە دەکرێت. بەپێی راپۆرتەکان، راهێنەرە ئەرجەنتینییەکە، بەبێ ئەوەی پێشوەختە دەوروبەرەکەی ئاگاداربکاتەوە، لە یانەکە رۆیشتووە.
ماسکیرانۆ دوێنێ چوارشەممە، بەبێ روونکردنەوە کۆتایی هاتنی ماوەی کارکردنی خۆی لەگەڵ ئینتەرمەیامی راگەیاند، ئەو یانەیەی لیۆنێل مێسیی ئەرجەنتینی ئەستێرەی یەکەمیەتی.
سەرچاوە نزیکەکان لە یانەکە ئاشکرایان کردووە، داڤید بێکهامی یەکێک لە خاوەنەکانی یانەکەش، چاوەڕێی بڕیارێکی لەو شێوەیە نەبووە و لەناکاو هەواڵەکەی پێگەیشتووە.
رووداوەکە دەریدەخات کە دەستلەکارکێشانەوەکە لە نێوخۆی یانەکەدا چەندە چاوەڕواننەکراو بووە. یانەکە خۆی هیچ روونکردنەوەیەکی وردی لەمبارەیەوە نەداوە و تەنیا ئاماژەی بەوە کردووە کە بڕیارەکە 'کەسیی' بووە.
تۆڕی هەواڵی 'ئی ئێس پی ئێن'ی ئەمریکی دەڵێ، ئەگەرچی زۆر کەس پێیانوایە لیۆنێل مێسی رۆڵی لە رۆیشتنی ماسکیرانۆ لە یانەکە هەبووە، بەڵام ئەو دەنگۆیانە دوورن لە راستییەوە و هیچ بنەمایەکیان نییە.
تۆڕەکە دەڵێ، مێسی ئەگەرچی رۆڵێکی سەرەکی لە ئینتەرمەیامیی هەیە و پەیوەندییەکی دێرینی لەگەڵ ماسکێرانو هەبووە، بەڵام هیچ پەیوەندییەکی بەچیرۆکی رۆیشتنەکەی ماسکێرانۆوە نییە و دوور و نزیک کاریگەریی لەسەر بڕیاری رۆیشتنی ئەو راهێنەرە دروست نەکردووە.
رۆیشتنی ماسکێرانو زیاتر وەک بابەتێکی نێوخۆیی دەبینرێت، ئەمە بۆچوونی سەرچاوە میدیاییەکانی نزیک لە ئینتەرمەیامییە. ئەو سەرچاوانە پێیانوایە، ئەوەی روویداوە، بڕیارێکی کەسیی لەناکاو بووە، نەک ئەنجامی ناکۆکی یان قەیرانێکی گەورە. هیچ راپۆرتێک لەبارەی کێشەی ژووری گۆڕینی جلوبەرگ، یان ناکۆکی لەگەڵ کارگێڕی، یان گوشارێک بەهۆی ئەنجامەکانەوە کە هۆکاربێت یانەکە جێبهێڵێت، بوونی نییە. لەبری ئەوە، وا دیارە بارودۆخەکە پەیوەندی بە بابەتێکی تایبەتییەوە هەبێت کە پەیوەندی بەژیانی ماسکێرانۆ خۆیەوە هەیە، بەڵام بەئاشکرا باس نەکراوە.
کاتێک ماسکێرانۆ رۆیشتنی خۆی لە ئینتەرمەیامی راگەیاند، تیپەکە لە وەرزی ئەمساڵی خولی تۆپی پێی ئەمریکا، حەوت یاریی ئەنجامدابوو، سێ بردنەوە و سێ یەکسانبوون و تەنیا یەک دۆڕانی هەبوو و لە پلەی سێیەمی ریزبەندی خولەکە بوو بەجیاوازیی چوار خاڵ لەگەڵ ناشفیلی پێشەنگ.
سەرەڕای نەبوونی روونکردنەوەی ورد، کاتی رۆیشتنەکەی بووەتە جێی سەرنج، بەتایبەت بە لەبەرچاوگرتنی سەرکەوتنەکانی ئەم دواییەی ماسکێرانو لەگەڵ تیپەکە و ئەو چاوەڕوانییە زۆرەی بۆ ئەم وەرزە هەیە. دەستلەکارکێشانەوەکەی ئەو راهێنەرە، جۆرێک لە نادیاریی لەبارەی داهاتووی نزیکی یانەکە دروست دەکات، چونکە ئێستا ئینتەرمەیامی پێویستی بەوەیە سەرلەنوێ سەرکردایەتییە تەکنیکییەکەی رێکبخاتەوە.
گیریمۆ هۆیۆس، کە دوێنێ مەشقدانی یانەی ئینتەرمەیامیی وەرگرت، لە یەکەم دەرکەوتن لەبەردەم میدیاکان، باسی لە رۆیشتنی ماسکێرانۆ کرد و دووپاتیکردەوە "بڕیارەکەی ئەو بڕیاری کەسیی بوو، ئەو زۆری پێشکەشی یانەکە کرد و یەکەم نازناوی خولی لەگەڵ تیپەکەدا بەدەستهێنا، من ناتوانم هیچ قسەیەک لە بڕیارەکەی ئەودا بکەم، بەڵام پێزانینم بۆ ئەوە هەیە کە لێرە بەجێیهێشت، لەگەڵ ئەو وانانەی لە ئێمەدا چاندی".
تاوەکو ئێستا هۆکارە راستەقینەکانی پشت بڕیارەکەی ماسکێرانو بە ناڕوونی ماونەتەوە. تاوەکو ئێستاش گومان بەسەر دیمەنی گشتیی رۆیشتنی راهێنەرەکەدا زاڵە، ئەگەرچی هیچ بەڵگەیەک ئاشکرا نەکراوە لەبارەی بوونی ناکۆکی لەنێوان ئەو و هەر ئەندامێکی کاریگەری یانەکە، هەر بۆیە چیرۆکی وازهێنانە لەناکاوەکەی ماسکێرانۆ، بە چیرۆکێکی کۆتایی کراوە ماوەتەوە.