ئەگەری هەیە مۆرینیۆ لە رێگەی یانەیەکی نوێوە بگەڕێتەوە پرێمەرلیگ

 
رووداو دیجیتاڵ

یانەی نیوکاسڵ یونایتدی ئینگلیزی بیر لە هەنگاوێکی سەرنجڕاکێش دەکاتەوە و ئەگەری هەیە جۆزێ مۆرینیۆ، راهێنەری نێوداری پۆرتوگالی بگەڕێنێتەوە پرێمەرلیگ.
 
بەپێی هەواڵی میدیای بەریتانیا، یانەی نیوکاسڵ بیر لەوە دەکاتەوە ئیدی هاو، راهێنەری یانەکەی دووربخاتەوە و ناوی چەند راهێنەرێک لەگەڵ یانەکە دەهێنرێت، بۆ ئەوەی لە دوای ئەو راهێنەرە لەسەر کورسی راهێنەرایەتیی یانەکە دابنیشێت و سەرپەرشتیی تیپەکە بکات.
 
سەرچاوەکان ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن، یەکێک لەو راهێنەرانەی لە پلانەکانی یانەکەدایە، جۆزێ مۆرینیۆ، راهێنەری نێوداری پۆرتوگالی و ئێستای یانەی بێنفیکایە، لەکاتێکدا لە ماوەی رابردوودا دەنگۆی دوورخستنەوەی لە یانەکەی بڵاوکرایەوە.
 
مۆرینیۆ ئەزموونێکی زۆری لە کاروانی راهێنەرایەتیکردنیدا هەیە و پێشتر راهێنەرایەتیی مانچێستەر یونایتد، چێڵسی و تۆتێنهامی کردووە، هەرئەوەش وایکردووە نیوکاسڵ بیر لەوە بکاتەوە سوود لە ئەزموونی ئەو راهێنەرە سەرسپییە وەربگرێت بۆ ئەوەی ئەنجامەکانی باشتر بکات.
 
جگە لە مۆرینیۆ ناوی رۆبێرتۆ مانچینی، راهێنەری ئیتاڵی و یانەی سەدی قەتەری یەکێکی دیکەیە لەو راهێنەرانەی کە خاوەنە سعودییەکانی یانەی نیوکاسڵ بیر لە گرێبەستکردن لەگەڵی دەکەنەوە.
 
ئاندۆنی ئیراولا، راهێنەری یانەی بۆرنمۆوس، لە کۆتایی ئەم وەرزەدا لە یانەکە دەڕوات، دەکرێت ئەویش ناوێکی دیکەی نێو پلانەکانی یانەکە بێت بۆ ئەوەی رووبکاتە سانت جەیمس پارک.
 
نیوکاسڵ لەم وەرزەی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەورووپا بەشداربوو، لە قۆناخی شازدە بەرامبەر بارسێلۆنا کرایە دەرەوە، لە پرێمەرلیگیشدا دوایین دوو یاریی دۆڕاندووە و ئێستا لە پلەی چواردەیەمی ریزبەندی خولەکەیە و هیوایەکی وای نییە بۆ گەیشتن بە پاڵەوانێتییەکی ئەورووپا.