شرۆڤه‌ی یاریی كۆتایی یۆرۆپالیگ
سیمیۆنی له خوێنی رۆخی بلانكۆسدایه و فنیقییهكانیش تێكه‌ڵه‌یه‌كن له به‌خت و لێهاتوویی
"سیمیۆنی له په‌یژه‌كانی میترۆپۆلیتانۆوه ده‌توانێت ئه‌پده‌یتی غیره‌تی یاریزانه‌كانی بكات"
شرۆڤه: سه‌فین ته‌ها
دوو تیپ به دوو رێڕه‌وی جیاوازدا گه‌یشتوونه‌ته كۆتایی، ئاتلێتیكۆ مه‌درید له چامپیۆنزلیگه‌وه له گرووپی مه‌رگدا خه‌ریك بوو زینده‌به‌چاڵ بكرێت، به‌ڵام وه‌ك بڵێی رووه‌كی نه‌مریی خواردبێت، پێش ئه‌وه‌ی له هه‌موو شتێك بێهیوا ببێت، دابه‌زی بۆ یۆرۆپالیگ و له‌وێشه‌وه هێز و گه‌وره‌یی خۆی به‌سه‌ر ركابه‌ره‌كانی نیشاندا‌و گه‌یشته یاریی كۆتایی، هه‌رچی یانه‌ی مارسیلیاشه به پله‌ی پێنجه‌می وڵاته‌كه‌ی سه‌ركه‌وت بۆ پاڵاوتنی دووه‌می خولی یۆرپالیگ و له‌وێشه‌وه تا كۆتایی ملی رێگه‌ی گرته‌به‌ر.
کاژێر: 21:45
کەناڵ: BeIn Sports HD 1
له‌سه‌ر كاخه‌ز ئاتلێتیكۆ مه‌درید پاڵێوراوتره بۆ ئه‌وه‌ی جامه‌كه به‌ده‌ستبێنێت، به‌ڵام ئه‌وه‌مان له‌یاد نه‌چێت كه مارسیلیا تیپێكی جیڕن، یانه‌یه‌كی ته‌واو هێرشبه‌رین و هه‌لی زۆر مه‌ترسیدار دروستده‌كه‌ن، ئه‌گه‌ر هه‌یه له هه‌موو كاتێكدا بگه‌نه ناوچه‌ی سزا، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئاتلێتیكۆ مه‌درید كه به‌هێزترین و ئاڵۆزترین تۆڕی به‌رگرییان هه‌یه‌و ئه‌سته‌مه بتوانیت گۆڵیان لێبكه‌یت، كه‌واته ئه‌ركی سه‌رشانی لێفوسێنس (فنیقییهكان ـ نازناوی مارسیلیا) ئاسان نییه‌و بگره زۆریش قورسه.
ئه‌م دوو تیپه زۆر په‌له‌په‌ل ده‌كه‌ن بۆچی؟ چونكه له‌و ساڵه‌ی كه پاڵه‌وانێتیی یۆرۆپیان كه‌پ گۆڕا بۆ چامپیۆنزلیگ 1992 مارسیلیا بووه پاڵه‌وان، له‌و ساڵه‌شی كه نازناوی یۆفا كه‌پ گۆڕا بۆ یۆرۆپالیگ 2010، ئاتلێێتیكۆ مه‌درید بووه پاڵه‌وانی یۆرۆپالیگ، واتا له‌گه‌ڵ گۆڕینی وه‌شانی پاڵه‌وانێتییه‌كان راسته‌وخۆ یه‌كێك له‌م دوو یانه‌یه بوونه‌ته پاڵه‌وان، ئه‌ی ئه‌مجاره خۆ هیچ پاڵه‌وانێتیه‌ك نه‌دۆڕاوه، ده‌بێت كامیان بووبێتنه پاڵه‌وان.
ئاتلێتیكۆ مه‌درید به‌بێ سیمیۆنی یاریده‌كات، چونكه سزادراوه، ئه‌و راهێنه‌ره پێویسته له‌سه‌ر هێڵ بێت، به‌ڵام ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌ش نه‌بێت، دیێگۆ گڕوتینی خۆی بۆ خوێنی یاریزانه‌كانی گواستووه‌ته‌وه، ئه‌و له په‌یژه‌كانی میترۆپۆلیتانۆوه هاواری ده‌گه‌یشته نێو لاكێشه‌ی سه‌وز، كه یاریزانه‌كان ئه‌و ببینن بێگومان ئه‌پده‌یتی غیره‌تیان ده‌بێته‌وه.
هه‌رچی سه‌باره‌ت به روودی گارسیای راهێنه‌ری یانه‌ی ماریسیلیاشه، ئه‌و پیاوه‌ی له گه‌نجیدا له یانه‌ی لیل له نێوه‌ڕاستی یاریگه‌وه ده‌ستی به یاریكردن كرد دواتر له ساڵی 2008دا بووه‌وه به راهێنه‌ری ئه‌و یانه‌یه تاوه‌كو 2013، ئه‌و تاكه راهێنه‌ر بووه له ماوه‌ی 70 ساڵی رابردوودا نازناوی خولی فه‌ره‌نسی بۆ یانه سووره‌كه‌ی به‌ده‌ستهێناوه له ساڵی 2011 و له هه‌مان ساڵیش‌دا نازناوی جامی فه‌ره‌نسای به‌ده‌ستهێنا.
ئه‌وا دوو ساڵه راهێنه‌ری مارسیلیایهو هیچ نازناوێكی نییه، بۆیه ئه‌مه ده‌رفه‌تێكی زێڕینه له‌به‌رده‌م پیاوه ته‌مه‌ن 54 ساڵانه‌كه بۆ ئه‌وه‌ی به‌یه‌كه‌م نازناوی ئه‌وروپی له ژیانیدا شاد بێت.
ئامار و ژماره‌كان
ئه‌مه جاری سێیه‌مه ئاتلێتیكۆ مه‌درید له‌م ڤێرژنه تازه‌یه‌ی یۆرۆپالیگدا ده‌گاته یاریی كۆتایی، هه‌ردوو جاره‌كه‌ی پێشتر به‌ده‌ستهێناوه، دوایینجاریش له ساڵی 2012 بوو كه له یاریی كۆتاییدا 3 ـ 0 له ئاتلێتیكۆ بیلباوی برده‌وه.
بۆ مارسیلیاش له‌م پاڵه‌وانێتییه‌دا ته‌نیا دووه‌م بوون به‌شی بووه، هه‌رچه‌نده وه‌ك ئاتلێتیكۆ ئه‌مه جاری سێیه‌مییه‌تی بگاته فایناڵ، كه‌چی له هه‌ردوو جاره‌كه‌دا له ساڵه‌كانی 1999 و 2004دا دۆڕاندوویه‌تی.
له قۆناخی پێشوودا ئاتلێتیكۆ مه‌درید توانیبووی ئارسیناڵی ئینگلیزی ده‌ربكات، له یاریی یه‌كه‌مدا 1 ـ 1 یه‌كسان بوون و له یاریی دووه‌میشدا له خاكی خۆیدا 0 ـ 0 بوون.
هه‌رچی یانه‌ی مارسیلیای فهرهنسیشه له قۆناخی پێشكۆتاییدا رێد بووڵ ساڵزبۆرگی نه‌مسایی به هه‌ڵه‌یه‌كی كوشنده‌ی ناوبژیوان كرده ده‌ره‌وه، دوای ئه‌وه‌ی له یاریگه‌ی خۆیدا 2 ـ 0 لێیبردبووه‌وه، به‌ڵام له یاریگه‌ی به‌رامبه‌ردا به‌هه‌مان ئه‌نجام دۆڕاو په‌نابرایه گێمی زیادكراو، له‌و گێمه‌شدا ناوبژیوان لێدانێكی كۆرنه‌ری بۆ ماریسلیا هه‌ژماركرد كه دروست نه‌بوو، به‌و كۆرنهرهش رۆلاندۆ به لێدانی سه‌ر گۆڵی بردنه‌وه‌ی بۆ ماریسلیا هێنا.
یارییه‌كه له ئۆڵیمپیك دێ لیۆن به‌ڕێوه‌ده‌چیت كه گروپاماشی پێده‌ڵێن، نزیكه‌ی 60 هه‌زار هانده‌ر له‌خۆی ده‌گرێت، هانده‌رانی ماریسلیا ده‌توانن به 20 یۆرۆ به رێگای شه‌مه‌نده‌فه‌ر بگه‌نه لیۆن كه كاژێر و نیوێك له‌یه‌كدی دوورن.
ئه‌مه دووه‌م یاریی كۆتاییه بۆ ئاتلێتیكۆ مه‌درید له لیۆنی فه‌ره‌نسا، له جاری یه‌كه‌مدا 3 ـ 0 له دینامۆ كیێڤی ئۆكراینی بردبووه‌وه، خۆی ئه‌م یاریگه‌یه بۆ ماریسلیا زۆر باشه، چونكه هانده‌ران به‌و شێوه‌یه ماندوونابن و یانه‌كه‌ش ساڵانه یاریی له‌م یاریگه‌یه‌دا ده‌كات، هه‌رچه‌نده هه‌ردوو یانه‌ی لیۆن و ماریسلیا دوو تیپی ركابه‌ری یه‌كدین.
رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی نێوانیان ته‌نیا جارێك روویداوه كه له به‌ریه‌ككه‌وتنێكی هاتن و چووندا هه‌ردوولا له‌م پاڵه‌وانێتییه‌دا له وه‌رزی 2008 ـ 2009 به‌یه‌كگه‌یشتن، یاریی یه‌كه‌م له نێو ڤیسێنتی كاڵدیرۆن 2 ـ 1 بۆ ئالتلێتیكۆ مه‌درید كۆتاییهات، له یاری دووه‌میشدا له نێو ڤیلێدرۆم هه‌ردوولا 0 ـ 0 یه‌كسان بوون.
مارسیلیا به‌رامبه‌ر به یانه ئیسپانییه‌كان بارودۆخی باش نییه، له كۆی 15 یاریی ته‌نیا 4 سه‌ركه‌وتنی هه‌یه، 8 جاریش دۆڕاوه، بۆ زانین دووان له‌و 4 سه‌ركه‌وتنانه‌ش له‌م وه‌رزه‌دا بوو به‌رامبه‌ر به ئاتلێتیك بیلباو له یاریی یه‌كه‌مدا 3 ـ 1 و له یاریی دووه‌میشدا 2 ـ 1.
كه‌س له ئاتلێتیكۆ مه‌درید باشتر نییه به‌رامبه‌ر به فه‌ره‌نسییه‌كان، ئه‌و له كۆی 12 یاریی به‌رامبه‌ر به یانه‌كانی فه‌ره‌نسا 6 بردنه‌وه و 5 یه‌كسان بوون و 1 یه‌ك شكستی هه‌یه، تاكه شكسته‌كه‌ش له ساڵی 2000دا بوو كه له‌م پاڵه‌وانێتییه‌دا له‌سه‌رده‌ستی یانه‌ی لانس كرایه ده‌ره‌وه.
ئاتلێتیكۆ مه‌درید له‌م وه‌رزه‌دا زۆرترین یاریی له خوله ئه‌وروپییه‌كاندا كردووه، 14 یاری، 7 بردنه‌وه، 5 یه‌كسان بوون، 2 دۆڕان، یه‌كێك له‌و دۆڕانانه له یۆرۆپالیگدا بووه كاتێك له ده‌ره‌وه‌ی یاریگه‌ی خۆی 1 ـ 0 به سپۆرتینگ لیشبۆنا دۆڕا.
🤩 Your 2018 #UELfinal! 🤩
— #UELfinal (@EuropaLeague) May 3, 2018
🏆: Marseille or Atlético? pic.twitter.com/oPdMFexZ3H